خۆپیشاندان لە هەولێر بەڕێوەچوو

بەبۆنەی رۆژی جیهانی كرێكارانەوە، حزبی شیوعی کوردستان لەشاری هەولێر گردبونەوەیەكی فراوانیان ئەنجامدا و جەختیان لەدەستەبەركردنی مافەكانی كرێكاران كردەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی کەوتووە" حزبی شویعی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران داوای چەسپاندنی مافی کرێکاران کە توێژێکی ماندووی کۆمەڵگا و لە بیرکراو دەکەین، ئەویش بە هەموارکردنەوە و جێ بەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە مافی کرێکاران.

هەر لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، داواکارن هەریەکە لە یاسای کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران هەمواربکرێتەوە، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی شێوازی کارکردنی کرێکارانی بیانی ، چونکە لە ئیستادا زۆر کات وەکو کۆیلە مامەڵەیان لە گەڵ دەکرێ.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، سیستەمی پاشەکەوتی مووچە لە سەر مووچەی خانەنشینان و کرێکاران و کارمەندانی کەرتی گشتی هەڵبگیرێت و لە هەمان کاتیشدا داوا دەکەن ، مووچە لە وادەی خۆیدا دابەش بکرێت ، چونکە ئەمە کاریگەری هەبووە لە سەر ژیانی گشتی هاوڵاتیان.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ 1ی ئایار، بە رۆژی کرێکارانی جیهانی ناسراوەو هەموو ساڵێک بەو بۆنەیەوە لەسەرتاسەری جیهاندا خەبات و تێكۆشانی ئەو توێژە بەرز ڕادەگیرێت و کرێکاران داوادەکەن، مافەکانیان دەستەبەربکرێت.



PM:02:35:01/05/2018