لیژنەی مۆلیدە ئەھلییەکان لە قایمقامیەتی سۆران، نرخی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای مۆلیدە، بە ھاووڵاتییان بۆ ئەم مانگە دیاری کرد.
عەبدولقادر ئیسماعیل، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی سۆران، ڕاگەیاند "ژمارەی کاتژمێرەکانی کارکردنی مۆلیدە ئەھلییەکان و بڕی پارەی ھەر ئەمپێرێک و شوێنی گشت مۆلیدە ئەھلییەکان لە شاری سۆران، بۆ مانگی 4ی ڕابردوو دیاری کراوە، نرخی یەک کاتژمێر پێدانی ئەمپێری کارەبا بە ھاووڵاتییانی سۆران بە 40 دینار دیاری کراوە، کە ئەم نرخە لەلایەن لیژنەی مۆلیدات لە دیوانی پارێزگای ھەولێر دیاری دەکرێت".
وتیشی "بە شێوەیەکی گشتی لە مانگی ڕابردوودا مۆلیدەکانی قەزای سۆران 170 کاتژمێر کارەبایان بە ھاووڵاتییان داوە، بەمەش بۆ ھەر ئەمپێرێک نرخەکە بەراورد دەکرێت، بە ماوەی پێدانی کارەبا و پارەکە لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت".