نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە عێراقییەکان دەکات بەشداری هەڵبژاردن بکەن

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، کوبیش داوا لە دەنگدەران دەكات كە بەزۆرترین ژمارە رووبكەنە سندوقەكانی دەنگدان و داهاتوویەكی نوێ بۆ عیراق بنیادبنێن.

كوبیش نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق داوا لە دەنگدەران دەكات كە لە ڕۆژی ١٢ی ئایاردا بە زۆرترین ژمارە رووبكەنە سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن. 

 نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان راشیگەیاندووە " لەدوایین هەڵبژاردنەكانی چوار ساڵی رابردووەوە، عیراق رووبەڕووی خراپترین هێرشی داعشی تیرۆرست بووەوە، كە كارەساتی بێوێنەیان ئەنجامدا، ئەمڕۆ بە تێكشكانی پێكهاتەكانی داعش و رزگاربوونی وڵاتەكە، ئێستا سەرەی ئێوەیە كە ئەم سەركەوتنە مێژووییە سەربخەن كە بە خوێنی شەهیدان و یەكڕیزی و پێداگری هاوڵاتییان بەدەست هاتووە و سەرەتایەكی نوێ دەست پێبكەن. 

وتیشی: لە میانەی سەردانەكانی ئەم دواییەم بۆ پارێزگاكانی عیراق، هەستم بە ئارەزووی گۆڕانی ئەرێنی و سووربوون لەسەر بەرەوپێشبردنی وڵاتەكە كردووە،هەرەسهێنان و بێ هیوابوون لە قەیرانەكان و خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵییەكانی ڕابردوو نابێت ببنە رێگر لەبەردەم دەنگدانتان بۆ داهاتوویەكی باشتر بۆ خۆتان و بۆ بەرژەوەندی وڵاتەكەتان. ئەو قوربانییانەی كە لەلایەن هاوڵاتییانی عیراقی پێشكەشكراون پێویستە ئێستا بخرێنە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ بەدەستهێنانی حكومەتێكی باش كە نوێنەرایەتی هەموو هاوڵاتییان بكات لە رێگەی بەڕێوەبردنی كارا و وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی خەڵكی بۆ ئەوەی لە ئاشتی و سەقامگیری و بە ئازادی و سەربەرزی بژین. 
 كوبیش دەسخۆشیشی لە داواكەی سەماحەتی ئایەتوڵا عەلی سیستانی كرد كە داوای لە عیراقییەكان كردبوو بەرژەوەندی گەل و وڵات لەبەرچاوبگرن كاتێك دەنگی خۆیان دەدەن و بەبیر خەڵكی هێنایەوە كە فەرامۆشكردنی مافی دەنگدانیان وادەكات چەند كەسانێكی هەل پەرست بێنە پێشەوە و وا لە كاندیدەكانیان بكەن كە نەتوانن بەگوێرەی پێویست لە ئاست خواستی گەل و وڵاتەكە بن.

 لە كۆتاییشدا، كوبیش هیوای هەڵبژاردێكی باش و ئاشتییانەی بۆ عیراقییەكان خواست و وتی: رۆژی شەممە بەرواری ١٢ی ئایار رۆژی ئێوەیە، با ئەو رۆژە بە بەشداری زۆری ئێوە ئاهەنگی سەركەوتن بگێڕین وەك هەنگاوێكی سەركەوتوو بەرەو بنیادنانی دیموكراسی و داهاتووێكی پرشەنگدار بۆ ئێوە، ئاڵنگاری گەورە لەبەردەم عیراقە كە پێویستە وڵاتەكە بە یەكگرتوویی كاربكات بۆ ئەوەی بەهێز هەڵبستێتەوە و پێگەی رەوای خۆی لە نێو كۆمەڵەی گەلاندا بەدەست بهێنێتەوە.




PM:12:49:11/05/2018