بەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتیانی راپەڕین چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان تا نوێنەری خۆیان بۆ چوار ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێرن.
کاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئایار، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرانەوە و هاوڵاتیان
چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
پەیامنێری سپی لەدەڤەری ڕاپەڕین رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شەممە هاوڵاتیان چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان خستە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەڵام لەسەرجەم بنکەکانی دەنگدان کێشە لە ئامێرەکانی دەنگداندا هەیەو چەند ئامێرێک کار ناکەن.
لە دەڤەری راپەڕین ٩٥ بنکەی دەنگدان هەیە، کە لە ٥١١ وێستگە و ١٦ ناوەند پێکدێت و ٢٢٤هەزار و ٢٢٤دەنگدەر دەنگی خۆیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەدەن.
لەم هەڵبژاردنەدا، نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس لەسەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ٣ ملیۆن و ٣٣٣ هەزاریان دەنگدەری نوێن. لە هەرێمی کوردستانیش، سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەى ٤٠٠ هەزار کەسیان بۆ یەکەم جار دەتوانن دەنگبدەن.
لە کۆی سەرجەم قەوارەکان کە ٢٠٥ قەوارەن شەش هەزارو ٩٩٤ کاندیدیان هەیە لەنێو کاندیدەکانیشدا چوار هەزار و ٩٤٠ کاندیدیان پیاو و دوو هەزار و ٥٤ کاندیدیان ژنن و ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوش دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لەسەرتاسەری عێراق ٩٣٤ هەزار و ٦٣٩ کەس بوو و، نزیکەی ٩٠٠ هەزار عێراقیش لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو کەلە ٢١ وڵات دەنگیان داوە.
لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكەش لەكاتژمێر ٦ی ئێوارە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، رێژەی بەشداریكردن لەو پرۆسەیە ٧٨.٧٤% بووە.
ئا:ئەمیر حەسەن