كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند لە زۆربەی ناوەندەکانی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان كێشەی تەكنیكی بۆ ئامێرەكانی دەنگدا دروستبووە، پرۆسەكەش لەدوای کاتژمێر شەشی ئێوارە ئێوارە كۆتایی دێت و ماوەکەی درێژناكرێتەوە.
رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، "لەهەندێك ناوەندی دەنگدانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق، كێشەی تەكنیكی بۆ ئامێرەكانی دەنگدان دروستبووەو پرۆسەكە چەند دەقیقەیەك دواكەوتوە، بەڵام لەڕێی تیمەكانیانەوە توانراوە لەزۆربەی شوێنەكان كێشەكان چارەسەر بكەن".
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ میدیای فەرمی یەکێتی وتیشی،" پرۆسەی دەنگدان لەکاتژمێر ٠٧:٠٠ ی بەیانییەوە دەستپێكردوە تا کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و درێژناكرێتەوە، چونكە ئامێرەكان لە کاتژمێر ٠٦:٠٠دا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەكوژێنەوەو پرۆسەكە كۆتایی پێدێت".
کاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئایار، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرانەوە و هاوڵاتیان چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لەم هەڵبژاردنەدا، نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس لەسەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ٣ ملیۆن و ٣٣٣ هەزاریان دەنگدەری نوێن. لە هەرێمی کوردستانیش، سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەى ٤٠٠ هەزار کەسیان بۆ یەکەم جار دەتوانن دەنگبدەن.
لە کۆی سەرجەم قەوارەکان کە ٢٠٥ قەوارەن شەش هەزارو ٩٩٤ کاندیدیان هەیە لەنێو کاندیدەکانیشدا چوار هەزار و ٩٤٠ کاندیدیان پیاو و دوو هەزار و ٥٤ کاندیدیان ژنن و ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوش دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لەسەرتاسەری عێراق ٩٣٤ هەزار و ٦٣٩ کەس بوو و، نزیکەی ٩٠٠ هەزار عێراقیش لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو کەلە ٢١ وڵات دەنگیان داوە.
لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكەش لەكاتژمێر ٦ی ئێوارە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، رێژەی بەشداریكردن لەو پرۆسەیە ٧٨.٧٤% بووە.