مەڵبەندی رێكخستنی دووی كەركوك لەبارەی تۆمەتبارکردنی حزبەکەی بە ساختەکاری لەلایەن چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستانەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوێکی مەڵبەندی رێكخستنی دووی كەركوك، کە وێنەکەی دەست "سپی" کەوتووە، و ئاڕاستەی رای گشتی و حكومەتی عیراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و سەرجەم رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی کردووە دەلێت، كە ئەو كەس و لایەنانەی كە پێیانوایە شكستیان هێناوە لەپڕۆسەی دەنگدان، بەبیانوی بێ بنەما، دەیانەوێ ئارامی شارەكە تێكبدەن و هەوڵی نانەوەی فیتنەی تائیفی و نەتەوەیی دەدەن لە شارەكە.
وەك ئاشكرایە رۆژی 12ی ئایاری 2018 لەسەرتاسەری عیراق پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق لەڕێی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجام درا كە زۆربەی ناوەندەكانی چاودێری بە نەزیهو سەركەوتوو ناویان برد، بەڵام بەداخەوە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە، ماوەی دوو رۆژە هەندێك كەس و لایەن، كەوتونەتە پەلە قاژێ و هەوڵی شێواندنی پرۆسەكە دەدەن و دەیانەوێ لەڕێی پڕوپاگەندەی بێ بنەماو دور لە قانون ئەم پڕۆسەیە بشێوینن.
لێرەوە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەموو لایەكی رادەگەیەنیین:
ئەو كەس و لایەنانەی كە پێیانوایە شكستیان هێناوە لەپڕۆسەی دەنگدان، بەبیانوی بێ بنەما، دەیانەوێ ئارامی شارەكە تێكبدەن و هەوڵی نانەوەی فیتنەی تائیفی و نەتەوەیی دەدەن لە شارەكە.
لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا بەراورد بەم هەڵبژاردنە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان: دەنگی كەمیكردووەو لە بەرامبەردا: جەبهەی تروكمانی (١٤٥٣) دەنگ زیادیكردووەو، تەخالوفی عەرەبیش: (٤٣١٢٣) دەنگ زیادیكردووە. وێڕای ئەوەش كورد (٢) كورسی لە دەستداوە. ئێمە ویژدانی رای گشتی دەكەینە دادوەر، كێ تەزویری كردووەو كێش غەدری لێكراوە؟!
ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەموو لایەكی رادەگەیەنیین: گەر ئەوان بەنیازی ئەوەبن لەڕێی چەند كەسێكەوە دۆخی كەركوك بشێوینن و ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكبدەن، ئەوا ئێمە لە تواناماندایە سەدان هەزار كەس بهێنینە سەر شەقام، چونكە لە هیچ كەس و لایەنێكی قبوڵناكەین مافی نەتەوەكەمان پێشێل بكات!
مەڵبەندی رێكخستنی دووی كەركوك