لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاشەوە بڕیاردرا

دادگای توركیا داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی سەرۆكایەتی توركیا و هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"ی رەتكردەوە.

پەرلەمانتاری باتمان لەسەر لیستی هەدەپە ئایشە ئاجەر باشەران و ژمارەیەک پارێزەر لە ١٥ی ئەم مانگە داوایەکیان پێشکەش بە دادگای ١٩ی تاوانە قورسەکانی ئەنقەرە کرد بە مەبەستی ئازادکردنی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا كاندید كردووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردەوە كە دادگا رایگەیاندووە مەرجەکانی داواکە لاوازن و بەهۆیەوە رەتیکردەوە دەمیرتاش ئازاد بكرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش یەكێكە لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی توركیا كە بڕیارە رۆژی 24ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.



PM:09:57:21/05/2018