کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەکرێت

بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی ئایار و خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانی، لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی حوزەیران ئاشكرا کرد.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆمانگی ئایار بە 37 دینارە، كە تێكرای كاركردنی موەلیدەكان لەنێوان 50 بۆ 80 كاتژمێر كاریان كردوە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لە نێوان 2 هەزار بۆ 3 هەزار دینار دەبێت، بۆیە نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە.

لەبارەی بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی حوزەیران ئاماژەی بەوەدا، لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە بە كارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلیەكانەوە كارەبای 24 كاتژمێر بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت، واتە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە مۆلیدە ئەهلیەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.

سیروان محەمەد وتیشی، لە كۆبونەوەكەدا، ئەو خاڵە دووپات كرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 15 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون سیتیەكان  وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی وتی، نرخی كیلۆواتێك بە (202) دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان 11 كەیڤی بوو ئەوا 5 دینار و وێستگەكەی 33 كەیڤی بوو 10 دیناری بۆ زیاد دەكرێت.



AM:11:47:30/05/2018