وەزارەتی كشتوكاڵ قەدەغەكردنی گۆشتی هیندی راگەیاندو بڕییارکیشێ لەبارەی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو و مریشكی بەستوو دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەت بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە، کە ڕێباز حەملان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كردووە کە هەریەکە لە بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری بە وەكالەت و بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری كەرەنتینە و پلان ئامادەی بوون.
هەروەها ئەوەش خراوەتەروو، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، لەمڕۆوە مۆڵەتی هاوردەكردنی گۆشتی گامێشی هیندی قەدەغەدەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری ئەوەش دراوە پشكی پارێزگاكان لە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو و مریشكی بەستوو بە ڕێژەی سەدا ١٠٠ بۆ پشكی تەرخانكراو زیادبکرێت، ئەوەش تەنها بۆ هەردوو مانگی حوزەیران و تەمووزی ٢٠١٨یە.