سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئێران بەڵێنیداوە گرفتی كەمی ئاوی و گرتنەوەی زێی بچووک چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ ٤ ی حوزەیران لەسەر پرسی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک و کێشە ئاوییەکانی تر لەگەڵ ئێران شاندێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی كۆبووەوە.
ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ئێران بەڵێنیداوە گرفتی كەمی ئاو دروستنەبێت، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوكەوە".
هاوكات سەعدوڵا مەسعودیان، سەركونوسڵی ئێران لەكۆنگرەكەدا رایگەیاند، "نیگەرانییەكانی خەڵكی قەڵادزێ و پشدەرمان پێگەیشتووە لەبارەی گرتنەوەی ئاوەوە، ئێمە دڵنیایی دەدەین پرسەكە مرۆییە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "پشكی هەرێمی كوردستان لە پشكی ئاودا پارێزراوەو لە ئێستاشدا رووباری زێی بچوك نەگیراوەتەوەو ئاوەكە لە رێگەیە".