گەرمیان؛ سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر داعشێکدا سەپێنرا

ئەندامێکی داعش لەلایەن سەرۆکایەتیی دادگای تاوانەکانی کەرکووک گەرمیانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزادا.

لە راگەیەندراوێکی ئاسایشی گەرمیان دا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە،پاش سێ مانگ لەۆکردنەوەی زانیاری ورد و تەواو لەلایەن هێزەکانی ئاسایش، توانراوە کەسێک بەتۆمەتى ئەندامبوون لە رێکخراوى داعش و ئەنجامدانی کاری تەقینەوەی تیرۆریستی و بردنی خۆکوژ بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و خواروی عێراق دەستگیربکرێت.

 ئەوەش هاتووە، چەکدارەکە ناوی موهەنەد سەباح ئیبراهیمە، لەدایکبووی ساڵی (1979) و بەڕەگەز عەرەبە، دانیشتووی قەزای خانەقین بووە، لە رێکەوتی 2-3-2018 لە شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و لە دادگاش دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، رۆژی دووشەممەش 4ی حوزەیرانی 2018 دادگا بە زیندانی هەتاهەتایی سزای داوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی ئاسایش، تاوانبارەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی دادگای تاوانەکانی کەرکووک / گەرمیان دادگایی کراوە و بەپێی ماددەی(2)ی بڕگە(8)ی تیرۆر بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراوە. بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاکەشی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی گەورانی سلێمانی کراوە.


PM:04:41:06/06/2018