پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەی پۆلەكانی شەش نۆ و دوازدەی ئامادەیی راگەیاند، تیایدا ئامۆژگاری قوتابیان و دایك و باوكانی قوتابیانی كردووە تا بەسنگی فرەوانەوە ئەنجامەكان وەربگرنەوە.
لە پەیامەكەی وەزیری پەروەردەدا هاتووە "ئەمڕۆ ئەنجامی ئەزموونە نیشتمانی و گشتییەکانی پۆلی ۹ی بنەڕەتی و ۱۲ی ئامادەیی و پیشەییەکان ڕادەگەیێنرێت. پیرۆزبایی لە هەمووان دەكەم، ئەوەی لای ئێمە گرنگە، سەرکەوتنی پڕۆسەکە بوو کە بەدی هات. ئەمە ٥٠٪ی پڕۆسەکە بوو، چونکە زۆر قوتابی ئەزموونێک یا دووانی هەڵگرتووە بۆ خوولی دووەم، بۆیە ٥٠٪کەی تر بۆ ئەو خوولە دەمێنێتەوە".
پشتیوان سادق پەیامەكەی لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە فەیسبووكەوە بڵاوكردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی "گرنگ ئەوەیە قوتابی و خوێندکاران خەم نەخۆن لە نەهێنانی نمرەی باش، ژیانی ئێوە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. سەرکەوتنی مرۆڤ گرنگە و ئەم سەرکەوتنەش بە شەهادە و نمرە نییە، بەڵکو لەسەر خودی مرۆڤەكە وەستاوەتەوە کە دەتوانێت چی پێشکەشی کۆمەڵگە بکات، داوا لە دایک و باوکان دەکەم لۆمەی منداڵەکانیان نەکەن و پاڵەپەستۆیان نەخەنە سەر لەوەی کە نمرەی باشیان بەدەست نەهێناوە، ژیان هەر نمرە و شەهادە نییە، هەناسە و دڵی منداڵەکانتان هەموو دنیا دەهێنێ و سەرکەوتن نەوەستاوەتە سەر نمرەی باش".
لە كۆتاییشدا سوپاسی هەموو مامۆستایان و بەڕێوەبەران و سەرپەرشتیارانی كردووە کە بەم پڕۆسەیەوە ماندوو بوون.