خشتەکەی وەزارەتی دارایی ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دارایی خشتەی موچەی مانگی چواری بڵاوکردەوەو ناوی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و ناوخۆ و چەند شوێنێکی تێیدا نەبوو، ئەمەش ناڕەزای مووچە خۆرانی بەدوای خۆیدا هێنا.

عەبدلواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی مامۆستایان لەسەر ئەو لیستە نوێییەی مووچە ئەنجامدەدا ، کە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە.

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەو قسەیە ڕاستە کە دەڵێت حکومەت ئیشی بە وەزارەتی پەروەردە نەماوە، بۆیە داوای لە وەزیری پەروەردە کرد قسەی هەبێت، چوونکە ئەوە شکاندنی بەڵێنی حکومەتە بەرامبەر مامۆستایان.

هاوکات سامان حسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە نوسراوێکدا داوا لە وەزارەتی دارایی دەكات، کە زووترین كات خشتەی مووچەی مانگی 4 گۆڕانكاری تێدابكه و كەمئەندامان له ڕیزبەندی سەرەتاكاندا دابنێت.

هەروەها ئەوەشی وتوە، خۆتان باش دەزانن، كەمترین مووچەمان هەیه و ماوەی زیاتر له 50  ڕۆژە وەرنەگیراوه و سەدان كەمئەندام لە ژیانیكی زۆر سەختدان.








PM:04:25:03/07/2018