مه‌لا به‌ختیار: له‌گه‌ڵ پارتی بۆچوونی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ و بەوەفدێک ده‌چینه‌ به‌غدا

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، كورد به‌شێك ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ری کێشەکان و بە یەک پاکیچ دەجنە بەغداد.

 ئەمڕۆ شەممە كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی و هاوپه‌یمانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ شاری هه‌ولێر بەڕێوەچوو، لە پاش کۆتایی هاتنی کۆبونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەو دوو لایەنەی عێراق مه‌لابه‌ختیار ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.

لە کۆنگرەکەدا مه‌لا به‌ختیار ڕایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ پارتی بۆچوونی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ و به‌ وه‌فدێكی هاوبه‌ش ده‌چینه‌ به‌غدا، بۆ ئەوەش پێویستمان به‌ ڕێككه‌وتنی نوێ هه‌یه‌ و ئاماده‌ین دانوستان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی عیراق بكه‌ین و پێکەوە لەگەڵ لایەنەکوردیەکان به‌ وه‌فدێك بچینە به‌غدا.

وتیشی، ده‌مانه‌وێت حكومه‌تی داهاتووی عیراق ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات و پابه‌ند بێت به‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كان، هەروەها پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقیش پشكی كورده‌.

 لەبارەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی کەرکوک مەلابەختیار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە 93%ی دەنگەکانی بنکەکانی کەرکووک، کە دووبارە بە دەست ژمێردراونەتەوە، هەمان ئەنجامی پێشووە کە کۆمیسیۆن رایگەیاندووە.

هاوکات ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی شاندی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری رایگەیاند، گفتوگانیان لەگەڵ یەکێتی ئەرێنی بووەو باسیان لە چارەسەری کێشەی خەڵک لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە.

لەبەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا حەسەن سنێد، سەرۆکی شاندی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایگەیاند، بۆچوونی هاوبەشیان هەبووە لەگەڵ یەکێتی و بەپیویستیشی زانی هەمووان بەرپرسیارێتی قۆناخەکە بگرنەئەستۆ و حکومەتی نیشتمانی پێکبهێنن، بەجۆرک هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ڤیتۆی لەسەر لایەنی دیکە هەبێت.





AM:12:04:08/07/2018