دەزگای خەندان ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندەکانی دووردەخاتەوە

کەناڵی خەندانی زمانحاڵی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ٥٠ کارمەندی کەناڵەکەی لە کارەکانیان دوور دەخاتەوەو بەرپرسی دارایی کەناڵەکەش دەڵێت هۆکارەکەی بۆ کەمی بودجە و زۆری کارمەندەکان دەگەڕێتەوە، سەنتەری میترۆش داوا لەو رۆژنامەنوسانە دەکات لە سەتنتەرەکەیان سکاڵا تۆماربکەن.

سەرچاوەیەک لە ئیدارەی کەناڵەکە کە نەیویست ناوی بهێنرێت بە "سپی" راگەیاند، "لەم ئیدارە تازەیەی بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی خەنداندا  بەباشمان زانی کە کەناڵەکەمان رێکبخەینەوە، کە ئەمەش تەندروسترین حاڵەتە بۆ ئیدارەیەکی تازە، مەبەستی ئێمەش ئەوە بووە کەناڵەکەمان بکەینە دامەزراوەیەک کە نمونەیەکی جوانی راگەیاندن پیشکەشبکەین.

وتیشی، رەنگە هەندێک کەس هەبن لەناو ئەم ئیدارە تازەیەدا ناتوانن جێگە بگرن، بۆیە دورخراونەتەوە، بەڵام دەزگاکە رەنگە کاسانێکی دیکە بخاتە نێودەزگاکەوە.

سەرچاوەکە ئەوەی ئاشکرای نەکرد کە چەند کارمەندیان دوور خستووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سپی ژمارەی ئەو کارمەندانی کەلە کەناڵەکە دوورخراونەتەوە ٥٠ کارمەند دەبێت و لە ئێستاشدا ١٣٠ کارمەند کەناڵەکە بەرێوەدەبەن ، وابڕیارە لەو ژمارەیەش چەند کارماندەێکی دیکە دور بخەنەوە.

لایخۆشییەوە بژار بۆسکانی بەرپرسی دارایی خەندان بە "سپی راگەیاند،"ئێمە رادیۆیەک و سایتێک و تەلەفزیۆنێکمان هەیە، بەڵام دوای ئەوەی هەموو دامەزراوەکەمان داوەیەوە لەیەک کارمەندێکی زۆرمان هەبوو، کە ژمارەیەکان زۆر بوو بۆیە دەستمان کرد بە کەمکردنەوەیان".

وتیشی، لە رووی یاساییەوە کارمەندەکانمان گرێبەستیان هەیەو زۆربەی ئەوانەی کە کەمکراونەتەوە تەنها بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دانرابوون کە ژمارەیان زۆر بوو، بۆیە ئەو کەمکردنەوەمان کردووە، کە هەموو دەزگایەکیش ئەو کارە دەکات، چونکە لە رووی داراییەوە خەرجییەکی زۆر بوو لەسەر ئێمە".

هاوکات دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ "سپی" وتی،" بەداخەوە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووەو چین و توێژە جیاوازەکانی گرتوەتەوە، بێگومان کەناڵەکانی راگەیاندنیشی گرتوەتەوە، ئەمەش وای کردووە کە بەشێک لە کەناڵەکان لەگەڵ ئەو کارمەندانەی هەیانە گرێبەستەکانیان کۆتایی پێ بێنێت،

وتیشی، ئەوەی جێی سەرنجە بەداخەوە، کە کەناڵەکانی راگەیاندن رەچاوەی ئەو گرێبەستەیان نەکردووە، کە لەگەڵ کارمەندەکانی خۆیان کردویانە کە ئەمە خۆی پێشێلکردنی یاسایە، سەبارەت بە کەناڵی خەندانیش تەنها ئەو کەناڵە نییە بەڵکو کۆمەڵێک دامەزراوەی راگەیاندنە لە هەرێمی کوردستاندا دەستبەرداری کارمەندەکانیان بوون بە بێ ئەوەی رەچاوەی گرێبەستەکانیان بکرێت.

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ داواشی لە رۆژنامەنووسان کرد، بەر لەوەی واژوو لەسەر گرێبەستەکە بکەن، رەچاوی خاڵەکان بکەن، هەر رۆژنامەنوسێکیش لە کارەکەی دوور خراوەتەوە بەرلەوەی گرێبەستەکەی کۆتایی هاتبێت، دەتوانن بێن لەسەنتەری  میترۆ سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن،بۆئەوەی لای خۆمانەوە بەدواداچونیان بۆ بکەین 




PM:04:18:08/07/2018