وەزارەتی پەروەردەی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەی ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەی بۆ مامۆستایان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" پێویستە لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەتدا بەرێوەبەری پەیمانگا یان ناوەندەکانی خوێندن ڕەزامەندی دەربڕن لەسەر مۆڵەتەکە و بەڕوونی ئاماژەی پێ بدەن کاریگەری لەسەر میلاک نابێت بە تایبەت لە ڕووی پسپۆریەوە".

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا کە واژۆی پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی لەسەرە ئاماژە بە ئەوە دەکات، مامۆستایان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بێ مووچە  لە   بەرواری ١٠ / ٧ / ٢٠١٨ هەتا بەرواری ١٥ / ٩ / ٢٠١٨ بەمەرجێک داواکار خۆی ئامادەبێت، مامەڵەکان بە بریکارنامە ناکرێت.

ئەوەش هاتووە، لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری پێویستە ڕەزامەندنی بەرێوەبەری پەیمانگا و ناوەندی خوێندن و لێپرسراوی میلاک و بەرێوەبەری پەروەردە هەبێت، بە روونی ئاماژە بۆ ئەوە کرابێت،  کە کاریگەری لە سەر میلاک نەبێت بە تایبەت لە ڕووی پسپۆریەوە.

هەر لە نوسراوەکەی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمدا ڕونیشکراوەتەوە، ئەو مامۆستایانەی کە پێش بەرواری ١٢/٢٠/ ٢٠١٥ مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە مافی وەرگرتنی دوو ساڵ مۆڵەتیان هەیە، بەڵام ئەوانە دوای ئەو بەروارە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە مافی یەک ساڵیان هەیە مۆڵەتی بێ موووچە وەربگرن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو مامۆستایانە کە لە ڕەگەزی مێن و مۆڵەتی دایکایەتیان وەرگرتووە، مافی وەرگرتنی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە بە مەرجێک ماوەی دەستبەکاربوونی لە ١٠ رۆژ تێپەری نەکردبێت و کاریگەری لەسەر میلاک دروست نەکات.

باس لەوەش کراوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت مامۆستا دەست لە کار هەڵبگرێت هەتا مۆڵەتەکەی لەلایەن وەزراەتەوە وەرنەگیرێت فەرمانی بۆ دەرنەچێت، لە هەمانکاتیشدا پێویستە لە دوای حەوت رۆژ لە دەرچوونی دەست لە کار هەڵبگرێت بە پێچەوانەوە بەرێوەبەری خوێندنگا و لێپرسراوێتی خۆیەتی و بەرێوەبەری پەروەدەی قەزاکان لێى بەرپرسیار دەبن.




PM:04:40:09/07/2018