پەرلەمانتارێک: هەفتەی یەکەمی مانگی هەشت موچەی مانگی پێنج دابەشدەکرێت

وەزارەتی دارایی بەر لە جەژن مووچەی مانگی پێنجی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکات بە مەرجێک بەغدا بەر لە جەژنی قوربان پارەکە بنێرێت.


ماڵپەڕی باس نیوزی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە: "وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە کە ھەر 30 رۆژ جارێک مووچەی مووخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکات".


ئەو ماڵپەڕە ڕاشیگەیاندووە لە دوای 5ی مانگەوە لیستی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.


لە هەواڵەکەی ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە، وەكو پێشووتر دابەشكردنی مووچە لە رێگەی دوو لیست دەبێت، لیستێكیان داهاتی سامانە سرووشتیەكان لیستی دووەمیش 317 ملیار دینارەكەی بەغدا دەبێت و بە پێی زانیارییەكان لە لیستی یەكەمی مووچەی مانگی 5 دا هەریەك لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و پەروەردە و خوێندنی باڵا و مووچەی كەمئەندامان و چەند وەزارەت پێك دێت.

سەبارەت بەوەی کە بەر لە جەژنی قوربان مووچە دەدرێت، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی وتویەتی ئەو بابەتە دەكەوێتە سەر ناردنی پارەكەی بەغدا، ئەگەر وەكو جەژنی رەمەزان پارەكە زووتر بنێردرێت تاوەكو پێش جەژن مووچەی هەموو لایەك دابەش دەكرێت.

هەروەها مەدینە ئەیوب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە "لە هەفتەی یەكەمی مانگی 8 دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین پێش جەژن مووچەی هەموو لایەك بدرێت چونكە جەژن لە پێشە و فەرمانبەران پێویستی زۆریان بە پارە دەبێت".




PM:09:34:26/07/2018