کەشناسی جیاوازی نێوان پلەکانی گەرمای ئەمساڵ و ساڵی رابردوو بڵاودەکاتەوە

بەشى پێشبینى لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پلەکانى گەرماى مانگى تەممووزى پار ساڵ گەرمتر بوو بە پلەکانى گەرماى مانگى تەممووزى ئەم ساڵ .

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم، 
جیاوازى پلەکانى گەرما لە نێوان مانگى حەوتى 2017 و مانگى 7ى 2018  بڵاودەکاتەوە.

بەپێی کەشناسی، لە مانگى 7ى 2017 چەند شەپۆڵێکى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما هەبوو، کاریگەریترینیان شەپۆڵى گەرماى 22-7-2017 بوو بە ڕادەیەک پلەکانى گەرما ڕێژەى پێوانەى تۆمارکرد بۆ نموونە : سەنتەرى پارێزگاکان هەولێر و هەڵەبجە و کرکووک بەم شێوەیە بوو 47 پلە، 47 پلە، 48 پلە.

هەروەها دەڵێت، لە کەلار 50 پلە، خەبات 50 پلە، دووزخورماتوو 49 پلە و خانەقین 53 پلەى سیلیزى تۆمارکرد.

کەشناسی باس لەوەشدەکات، لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە جیاوازى ئەو رۆژانە بکەین کە پلەى گەرماى ناوچەیەک چەند رۆژ لە ژێر 44 پلەى سیلیزى بووە وە چەند رۆژ بەرزترین پلەکانى گەرما لە سەرووى 44 پلەى سیلیزى بووە .

هەروەها ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەگەر پلەى گەرماى سەنتەرى پارێزگاى هەولێر وەربگرین بۆ نموونە پار ساڵ 17 رۆژ بەرزترین پلەکانى گەرما لە سەرووى 44 پلەى سیلیزى بووە , بەلام ئەم ساڵ تەنها 5 رۆژ لە سەرووى 44 پلەى سەدى بووە، تەنها یەک رۆژ پلەى گەرماى سەنتەرى هەولێر گەشتۆتە 46 پلەى سیلیزى بەلام پار ساڵ 4 جار گەیشتۆتە 46 پلەى سیلیزە .



PM:04:28:29/07/2018