ئەنجومەنی ئاسایش دانپیانانی گرووپێکی کوردی سەر بەداعش بڵاودەکاتەوە

ئەنجومەنی ئاسایش دانپیانێکی گرووپیکی کووردی سەر بە داعش بڵاودەکاتەوە کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکەی هەفتەی رابردووی سەر بینای پارێزگای هەولێر.

لەو راگەیاندنەدا هاتووە"  دوای پەلامارە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لە رێکەوتی 23/7/2018 دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش بەرەنگاری تیرۆریستان بوونەوە و لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەرسێ تیرۆریستی هێرشبەر کوژران، تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوونیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و سەرئەنجام ئەندامانی تری گروپەکە دەستگیرکران".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش:

راگەیاندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
دوای پەلامارە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لە رێکەوتی 23/7/2018 دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش بەرەنگاری تیرۆریستان بوونەوە و لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەرسێ تیرۆریستی هێرشبەر کوژران، تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوونیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و سەرئەنجام ئەندامانی تری گروپەکە دەستگیرکران.
پیلاندانەر و جێبەجێکارانی ئەم گروپە تیرۆریستیە لە پێنج ئەندامی سەرەکی پێکهاتووە، کە بریتین لە (عبدالرحمن رحیم قادر، بلال سلیمان عبدالرحمن، رەهێل محمد روستم ناسراو بە علی، محمد جبار و محمد شیرزاد).
بەپێی دانپێدانانەکانیان کە لەگەڵ ئەم راگەیاندراوەدا بڵاوکراوەتەوە، هاوکار و هاندەری پێشوەختەی ئەم گروپە (اسماعیل نجم الدین اسماعیل) ناسراو بە "مەلا ئیسماعیل سوسەیی" بووە کە لە ساڵی 2014ــەوە پەیوەندی کردووە بە داعشەوە و دووجار بەیعەتی داوە، تۆماری دەنگی بۆ سەرکردەی داعش ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو کارێک دەربڕیووە، هەروەها زانیاری سیخوڕی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە داوەتە داعش. دوایین کاری تیرۆریست (ئیسماعیل سوسەیی) دابینکردنی چەک و پارە و پێداویستی بووە بۆ گروپی ئەنجامدەری کردە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، بەڵام ئیسماعیل سوسەیی لە رێکەوتی 3/7/2018 بە بڕیاری دادوەر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە، بە بەڵگەی داعشبوونی دەستگیرکرا و دەست بەسەر چەک و جبەخانەکەیدا گیرا.
ئەم گروپە لە رێگەی چەند کەسێکی توندڕەوەوە و لەژێر پەردەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، پەرەیان بە بیری توندڕۆیی داوە، پیلانی کردەی تیرۆریستیان داناوە. یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە تیرۆریست (محمد شیرزاد)ــە و لە 2015 بە بەڵگەی داعشبوونی بۆ ماوەی ساڵێک بە بڕیاری دادگا حوکم دراوە، بەڵام دوای ئازادبوونی دووبارە پەیوەندی بە داعشەوە کردوەتەوە و لەو کردە تیرۆریستیەدا بەشدار بووە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی پارێزگا و برینداربوونی چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکان.
سوپاسی هاوکاری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، لە هاوکاری بەردەوامیان بۆ دەزگا ئەمنیەکان، هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە، دەزگاکانمان بەردەوام دەبن لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان، بۆ سەلامەتی و پارێزراوی سەر و ماڵی هاوڵاتیان.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان




PM:09:32:02/08/2018