ئەگەری
زۆرە هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
بکات و وتەبێژی حزبەکەش ڕایگەیاند ئەگەر دڵنیایمان نەدرێتی سەبارەت بە
هەڵبژاردنێکی تەندروست و پاک هەڵوێستمان دەبێت.
بە
گوێرەی زانیارییەکانی سپی ئەگەری زۆرە هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری کە
لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە سەرۆکایەتی دەکرێت بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
بکات و ئەمەشیان بە ئەمریکییەکان وتووە.
د. ڕێبوار کەریم. وتەبێژی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بە سپی میدیای
ڕاگەیاند "ئێمە داوامان لە لایەن پەیوەندیدارەکان کردووە کە لەبارەی
هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە دڵنیایمان بدەنێ، ئەگەرچی کۆمسیۆن هەندێک هەنگاوی
ناوە، بەڵام پێویستە بە تەواوی دڵنیامان بکەنەوە کە هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد
دەبێت".
سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی کە ئەوە ڕوونەدات ڕایگەیاند کە لەو کاتەدا
کۆدەبنەوە و لێیدەکۆڵینەوە و دواتر لە بارەیەوە بڕیار دەدەین و هەڵوێستی خۆمان
ڕادەگەیەنین.
لەبارەی ئەوەی ئایا لە ئێستادا بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنیان داوە، ناوبراو
ڕەتی کردەوە بڕیارێکی لەو شێوەیان هەبێت و وتی ئێمە لیستی خۆمان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە
و بۆ هەڵبژاردن ئامادەین.
ئەمەش لە کاتێکدا دێت ماوەی چەند ڕۆژێکە چەند ڕۆژنامەنوس و چالاکوانێکی
سیاسی کە بەشێکیان نزیک لە هاوپەیمانی بانگەشە بۆ دواخستن یاخود بایکۆتکردنی
هەڵبژاردن دەکەن.