سەلیم شوشکەیی: دوای جەژن دەچمە هەولێر هیوادارم عەبدولخالق دەستگیرم بکات

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی کە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر تۆمەتباری دەکەن بەپەیوەندی بە گرووپە " تیرۆریستەکانەوە" رایدەگەیەنێت "دوای جەژن دەچمەوە هەولێر هیوادارم عەبدولخالق تەڵعەت دەستگیرم بكات".

لەو بارەوە، سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری دەرچووی كۆمەڵی ئیسلامی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند " ئەمە جاری یەكەم نییە بەرپرسانی ئەمنی هەولێر ئەو لێدوانە نایاساییانە دەدەن لەكاتێكدا من ئەندامی پەرلەمانی عێراقم، سیڤیم لای كۆمسیۆن‌و دەستەی نەزاهەیە، هیچ لەو تۆمەتانەی ئەوان باسی دەكەن ساغ نەبۆتەوە، من یەكەم دەنگی لیستەكەی خۆم بووم هەر لەناو هێزەكانی ئاسایش‌و پێشمەرگە حەوت هەزار كەس دەنگی بەئێمە داوە ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە ئێمە لەبەرەی پێشمەرگەو ئەمنیەتی خەڵكین".

پەرلەمنتارەکەی کۆمەڵ کە ئێستا لە سلێمانی یە دەڵێت "هەموو كەس دەزانێت ئەو تۆمەتانەی ئاسایشی پارتی سیاسین‌و دژ بەنەیارەكانی خۆی دەیكات هیچ كەس بڕوایان پێ ناكات، تەنانەت لایەنە سیاسیەكان‌و حكومەتی عێراق‌و هەتا ئیدارەی سلێمانی، ئەگەرنا من لە هەرێمی كوردستانم‌و ئازادانە لەشارو شارۆچكەكان دەسوڕێمەوە، جگە لە دامودزەگا ئەمنیەكانی پارتی، كەس پێی نەوتوم فەرمانی دەستگیركردنت هەیە، خۆ لەوڵاتێكیتر نیم بە پۆلیسی ئینتەرپوڵ بڵێن دەستگیرم بكەن من لەشارو وڵاتی خۆمم ئێستا ".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، تا ئێستا دەرفەت نەبووە بچمە شاری هەولێر، بەڵام "ئینشائەڵڵا” دوای جەژن دەچمەوە هەولێر، هیوادارم عەبدولخالق تەڵعەت دەستگیرم بكات.

نابراو وتیشی،" من لەفڕۆكەخانەی سلێمانی دابەزیوم‌و تەحەدا دەكەم نەك داواكاری پاراستن‌و داڵدەدان، بەڵكو بچوكترین بەرپرسی یەكێتیم تا ئێستا بینیبێت، من بەهۆی نەخۆشییەوە لەسلێمانیم دوای جەژن نەخۆشەكانمان لە نەخۆشخانە دەردەكرێن‌و سەربەرزانە دەگەڕێمەوە شاری هەولێر، ئەوكاتە ڕوون دەبێتەوە مەبەستی ئاسایشی پارتی لێدانی كەسایەتیمان بووە یا بەڕاست دەستگیركردنمان".




AM:10:12:21/08/2018