چۆنێتی ڕاگرتنی پەخشی كەناڵی خەندان

كەناڵی خەندانی زمانحاڵی فەرمی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە شەوی ڕابردووەوە ڕاگیراوە و "سپی" هۆكاری ڕاگرتنەكەی ئاشكرادەكات.

هەڵكەوت چەلەبی، بەڕێوەبەری كەناڵی خەندان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "كەناڵی خەندان دانەخراوە وەك لە هەندێك لە میدیاكانەوە بڵاوكردەوە، بەڵكو لە ئێستادا پەخشەكەی ڕاگیراوە".

بەڕێوەبەری كەناڵی خەندان هۆكاری ڕاگرتنی پەخشەكەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی وەك خۆی دەڵێت كەناڵەكەیان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دروستبووە پەلەی پێوە دیارە و دەیانەوێت دووبارە پەیكەری ئیداری كەناڵەكە دابڕێژنەوە و بە شێوازێكی نوێوە دەست بكەنەوە بە پەخش.

لەبارەی چارەنوسی كارمەندانی كەناڵەكەشەوە ناوبراو وتی "تەنیا چەند كارمەندێكی هونەریمان هێشتۆتەوە و كارمەندانی تریش لە پێش دەستپێكردنەوەی پەخش دوای هەڵسەنگاندنی سیڤیەكانیان بڕیار لەسەر وەرگرتنەوەیان دەدرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كاتی دەسپێكردنەوەی پەخشی كەناڵەكەیان نادیارە و لەنێوان دوو مانگ تا زیاتری پێدەچێت.

لە بەیانی ئەمڕۆ ٢٩ ی ئاب پەخشی كەناڵی ئاسمانی خەندان كە زمانحاڵی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەریە راگیرا.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادوەری كە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن. هەرچەندە بەرپرسانی ئەو قەوارەیە خەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو كۆبوونەوەیەی دوێنێ ئیوارە سێ شەممە راوێژكاری بووە.





PM:12:44:29/08/2018