کەناڵی خەندان روونکردنەوەیەکی لەبارەی راگرتنی پەخشەکەیانەوە بڵاوکردەوە

کەناڵى ئاسمانى خەندان رایدەگەیەنێت، بەهۆی پێویستی سەرلەنوێ رێکخستنەوەو پەیکەربەندئئەوە چ لەڕووى ئیدارى و چ لەڕووى سەرچاوەى مرۆییەوە،بەباشیانزانى بۆ ماوەیەک جۆرى پەخشى بەرهەمە رۆژنامەوانییەکان کەم بکەنەوە.

لە روونکردنەوەیەکدا کە ماڵپەری خەندان بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوە کراوە،"هه‌موو ئه‌و دەنگۆو پڕوپاگەندانەى کە هەنگاوى رێکخستنەوەو باشترکردنى کەناڵى خەندان و سەرلەنوێ دەبەستنەوە بەو چالاکییە سیاسی و دیدارانەى کە لەماوەى ئەم هەفتەیەدا لەلایەن بەرپرسانى هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى  رەتدەکەینەوە".

لە بەیانی ئەمڕۆ ٢٩ ی ئاب پەخشی كەناڵی ئاسمانی خەندان كە زمانحاڵی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەریە راگیرا.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادوەری كە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن. هەرچەندە بەرپرسانی ئەو قەوارەیە جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو كۆبوونەوەیەی دوێنێ ئیوارە سێ شەممە راوێژكاری بووە.

ده‌قى روونکردنەوەکە:

وەک ئاشکرایە، مانگى ئازارى ئەمساڵ لەپێناو پشتیوانیکردن لەبەرنامەو کاندیدەکانى هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى بۆ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق، کەناڵى ئاسمانى خەندان بەئیمکانیاتێکى ئاسایى و سەرچاوەیەکى مرۆیی کەمەوە دەستى بەپەخشى بەرنامەکانى کرد.

گرنگى و رۆڵى راگەیاندن بەگشتى و کەناڵى ئاسمانى لەئێستادا، زۆر لەوە زیاترە کە تەنها ئامانجى پرۆسەیەکى هەڵبژاردن، یاخود پشتیوانیکردن بێت لە پرۆژەیەکى سیاسیى دیاریکراو، لەڕوانگەى ئەو بۆچوونەوەو بەهەڵسەنگاندنى پەیام و بەرهەم و ئەرکەکانى کەناڵى خەندان لەماوەى رابردوودا، گەیشتینە ئەو باوەڕەى کە کەناڵە پێویستى بەسەرلەنوێ رێکخستنەوەو پەیکەربەندى هەیە، چ لەڕووى ئیدارى و چ لەڕووى سەرچاوەى مرۆییەوە، بۆیە بەباشمانزانى بۆ ماوەیەکى کەم، ماوە و جۆرى پەخشى بەرهەمە رۆژنامەوانییەکانمان کەم بکەینەوەو گۆڕانکاریان تێدا بکەین، تا ئەو کاتەى دەتوانین بەشێوەیەکى ریشەیی گۆڕانکارى تەواو لەپەیکەربەندى کەناڵەکەدا بکەینەوە.

هەموو ئەو دەنگۆو پڕوپاگەندانەى کە هەنگاوى رێکخستنەوەو باشترکردنى کەناڵى خەندان و سەرلەنوێ رێکخستنەوەى دەبەستنەوە بەو چالاکییە سیاسی و دیدارانەى کە لەماوەى ئەم هەفتەیەدا لەلایەن بەرپرسانى هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى و خودى دکتۆر بەرهەم ساڵحەوە ئەنجامدراوە، رەتدەکەینەوەو پێمان وایە بەشى هەرە زۆریان مەبەستدارو ئاڕاستەکراوە لەپێناو رووخاندنى ورەى هاودیدانى هاوپەیمانى و لەمپەر دروست کردن لەبەردەم هەنگاوەکانى رێکخستنەوەو باشترکردنى ئەداى کەناڵى خەندان.




PM:05:41:29/08/2018