کچێکی کورد کە بەهۆی تەقینەوەیەکی داعش هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ست دا توانی داوایه‌كی یاسایی له وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا بباته‌وه و بڕی یەك ملیۆن و 256 هەزار لیرەی توركی وەربگرێ.
دوای ئەوەی ڕۆژی 5ی حوزه‌یرانی ساڵی 2015، چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆمبێكی چێندراویان لەنێو ئاهەنگێكی شاری ئامەدی هه‌ده‌په‌دا ته‌قانده‌وه، لە ئه‌نجامدا ده‌یان كه‌س كوژران و بریندار بوون، لیسا چاڵان كه یه‌كێكه له به‌شداربووانی ئاهەنگەكە هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ست دا، لەمبارەیەوە توانی داوایه‌كی یاسایی له وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا بباته‌وه و بڕی یەك ملیۆن و 256 هەزار لیرەی توركی وەربگرێ كە دەكاتە نزیكەی 190 هەزار دۆلاری ئەمریكی.
ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی توركیا بڵاویان كرده‌وه له 22ی شوباتی 2016 لیسا داوای یاسایی له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا به‌رز كردبووه‌وه و داوای قه‌ره‌بووی مادی و مه‌عنه‌وی كردبوو، چونكه له‌و ئاهەنگەدا وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌كو پێویست ئاسایشی خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌پاراستبوو، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ناوخۆ داواكه‌ی ره‌ت كردووەتەوە و رایگەیاندووە كە لیسا ده‌یه‌وێت له‌خۆڕا ببێته ملیۆنێر.
لیسا له دادگای دووی تاوانه قورسه‌كانی ئامه‌د داوای یاسایی تۆمار كردبوو، دووباره له داوایه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی ناوخۆی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی وه‌كو پێویست نه‌بووه بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاماده‌بووانی ئاهەنگەكەی هه‌ده‌په.
هه‌ر به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، دادگا بڕیاری داوه كه وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا بڕی یه‌ك ملیۆن و 256 هه‌زار و 671 لیره وه‌كو قه‌ره‌بوو بداته‌وه بە لیسا چاڵان.