پرۆسەی وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و وادەی کەوتنە کاری سیستمی زانکۆ لاین ڕاگەیەندرا
عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ماڵپەڕی خەڵکی وتووە، دوای ئەوەی (ناوی بەكارهێنەر، وشەی تێپەڕ) لەلایەن وەزارەتەكەمانەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك ، هەڵەبجە) و ئیدارەی (گەرمیان و ڕاپەڕین) كرا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئامادەییەكانیانەوە بەسەر دەرچوانی پۆلی (12)ی ئامادەیی دابەش بكرێت، كاركردنیش لە سیستمەكانی وەرگرتن بەردەوامی هەبوو.
عەباس ئەكرەم ڕاشیگەیاندووە، "لە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو، كە دەكاتە ڕێكەوتی (4/9/2018) لە كاتژمێر (8)ی سەرلەبەیانی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی خولی یەكەم و دووەمی 12ی ئامادەیی كارا دەكرێت، بەوەش دەرچوانی پۆلی (12)ی ئامادەیی دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان پڕبكەنەوه و پێشكەشی بكەن.
ڕوونیشی کردووەتەوە، "دەرچوانی پۆلی 12 لە ڕێگەی هەمان وێبسایت داواكاری بەسیستمەكانی (زانكۆلاین، ڕاستەوخۆ بەكریدیت، پارالێل و ئێواران) بۆ وەرگرتن لە زانكۆكان پێشكەش بكەن”.
دەشڵێت، "دەرچوانی پۆلی 12 تا كاتژمێر (12)ی شەوی رێكەوتی (14/9/2018) دەرفەتیان لە پێشە بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتن لە زانكۆكانی كوردستان”، هەروەك جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، كە دەرچوان دەبێ بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر لە قوتابخانەكانیان وەریانگرتۆتەوە دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن پڕبكەنەوە.