پۆلیسی سلێمانی گەمارۆی ماڵی خالیدی خولە سور دەدات

هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەو کوڕەی تەقەی لە پۆلیس کردبوو، چواردەوری ماڵی خالیدی خولەسور دەدەن، سەرجاوەیەکیش ئاماژە بەوە دەکات تەقە کەرەکە خۆی لە بارەگای سەرکردایەتی پارتی حەشارداوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە "سپی" راگەیاند، "دوای ئەوەی ئەمشەو کوڕێکی خالیدی خولە سور لە شەقامی سالم لە نزیک سەهۆڵەکە رووبەڕوی هێزەکانی پۆلیس بووەوە، لە ئێستادا هێزێکی گەورەی پۆلیسی سلێمانی گەمارۆی ماڵی خالیدی خولە سوریان داوە لە گەڕەکی رزگاری".

وتیشی، "ئەو هێزە بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەو کوڕەی تەقەی لە هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی کردبوو چواردەوری ماڵی خالیدی خولە سوریان داوە، تاوەکو خۆی رادەست بکات".

بەوتەی سەرچاوەکە،" دوای رووداوەکە تەقەکەرەکانی بنەماڵەی خالیدی خولە سور چونەتە بارەگای سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی لە گەڕەکی راپەڕین".

ئەمشەو یەکێک لە کوڕەکانی خالیدی خولەسور کە بنەماڵەیەکی ناسراوی ناوچەی شارەزوورن، لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ لە نزیک پاڵاس دەبێتە دەمەقاڵێان و دواتر بەرەو سەهۆڵەکە رۆیشتووە، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، پۆلیس هەوڵدەدات کوڕەکەی خالیدی خولەسور دەستگیربکات لەنزیک سەهۆكەکە، دواتر رووبەڕویان دەبێتەوەو شەڕە تەقە لە نێوانیان روویداوە".

بنەماڵەی خالیدی خوولەسور لە سەرەتادا دۆستی بزووتنەوەیی گۆڕان بوون، دوای ئەوەی باوکیان لە سلێمانی لەنزیک ماڵی خۆیان کوژرا، چوونە پاڵ پارتی. ئەو بنەماڵەیە کێشەیان لەگەڵ دەزگاکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و یەکێتی دا هەیە.





AM:12:08:03/09/2018