پێشکەشکارێکی بەناوبانگی ڕووداو دەستگیرکرا

عومەر کالۆ پێشکەشکاری تۆڕی میدیایی ڕووداو لە نێوان مەنبیج و حەلەب لە لایەن بازگەی هەواڵگری سەربازی حکومەتی سوریا دەستگیکرا.

کەناڵی ڕوودااو بڵاویکردووەتەوە "رۆژی 25/8/2018 هاوكارمان عومەر كالۆ ، پێشكێشكاری تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەوكاتەی لەگەڵ هاوژینەكەی و دوو منداڵەكەی لەشارەكەی خۆی كۆبانێ بەرەو شاری حەلەب دەڕۆیشتن بۆ نوێكردنەوەی پاسپۆرتەكانیان ، لە نێوان مونبیج و حەلەب لەلایەن بازگەی هەواڵگری سەربازی حكومەتی سووریا ، لە هاوژینەكەی و دوو منداڵەكەی جیادەكرێتەوە و دەستگیردەكرێت . لەوكاتدا كە هەواڵگری سەربازیی سوویا رێگە بە هاوژین و دوو منداڵەكەی دەدەن بچن ، لەهەمانكاتدا پێیاندەڵێن دوای چەند پرسیار لێكردنێك دواتر عومەر كالۆش ئازاد دەكەن . بەڵام تائێستا لەلایەن هەواڵگریی سەربازییەوە لەشاری حەلەب گیراوەو ئازاد نەكراوە . بەپێی قسەی كەسوكاری بڕیارە هاوكارمان عومەر كالۆ بگوازرێتەوە بۆ ئەمنی سەربازی (لقی فەلەستین ) لە دیمەشق ."

هەر لە هەواڵەکەی کەناڵی ڕووداودا هاتووە "ئێمە داوا لە حكومەتی سووریا دەكەین كە هاوكارمان عومەر كالۆ ئازاد بكات . عومەر كالۆ ، رۆڵێكی زۆر دیاری هەبوو لە رووماڵكردنی شەڕی دژی داعش لەشاری كۆبانێ وەك پەیامنێری رووداو لەوشارەدا ، هەروەها بەردەوام بەشێوەیەكی پیشەییانە رووماڵی رووداوەكانی كردووە بەوهۆیەشەوە كەوتە ژێر گوشارێكی زۆرەوە و بەناچاری پێش سێ ساڵ روویكردە هەولێر و ، وەك بێژەری هەواڵەكانیش لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو كاری خۆی زۆر بە پیشەییانە ئەنجامداوە ."

لە کۆتایی هەواڵەکەی ڕوداودا هاتووە "لە هەمان رۆژی دەستگیركردنی هاوكارمان عومەر كالۆدا ، زانیاریمان پێگەیشت ، بەڵام لەسەر داوای بنەماڵەكەی هەواڵەكەمان بڵاونەكردەوە ، ئێستاش دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی دەستگیركردنەكەی لەلایەن چەند رێكخراوێكی ناوخۆییەوە ، ئێمە لە تۆڕی میدیایی رووداو ، بەداخەوە راستی ئەو هەواڵە رادەگەیێنین ."




PM:07:14:04/09/2018