باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەنووسیدا، نیگەرانیی وڵاتەکەی لە هێرشی مووشەکیی بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات دەربڕی و بە پێشێلکاریی سەروەریی عێراقی ناوبرد.
جۆن وڵکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەدا وتی "ئەو هێرشە مووشەکییەی ئێران لە کاتێکدا بووە کە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە کۆیە لە کۆبوونەوە بووە و ئامانجی ئێران لە هێرشە بۆ کوشتنی خەڵک بووە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە".
باڵێۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد "هەرچەند هەموو وڵاتێک مافی بەرگری لە خۆی هەیە، بەڵام ئەو کارەی ئێران بە هیچ شێوەیەک بەرگری نەبووە، بەڵکوو هێرشە بۆ سەر خاکی وڵاتێکی دیکە".
جۆن وڵک ڕاشیگەیاند "هیچ ڕێزێک بۆ سەروەریی عێراق دانەنراوە و لەدوای قسە و گفتوگۆم لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەو ئاکامە گەیشتم کە ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر کۆیە زۆر مەترسیدار بووە و ڕەوشی ناوەچەکە و ئێرانیش خراپتر دەکات".
هاوکات هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی (دیپلۆماسیی فەرەنسا)ی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڵوێستی فەرەنسا لەسەر هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبییە کوردییەکانی ئێران کەلە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، نووسیویەتی "فەرەنسا بە توندی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر خاکی عێراق ئیدانە دەکات".
هاوکات پابەندیی خۆیان بۆ سەروەریی خاکی عێراق دووپات کردووەتەوە و نیگەرانیی خۆیان لە بەرامبەر گەشەی بەرنامەی مووشەکیی ئێران دەربڕیوە.