ئارێز عەبدوڵا: كشانه‌وه‌ی هاوپەیمانی لەهەڵبژاردن‌ دەستپێشخەری بەرهەم ساڵح بوو بۆ یەكێتی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت، ئەگەر به‌رهه‌م ساڵح به‌ فه‌رمی بێتەوە ناو یه‌كێتی، ئەوکات رەنگە بتوانێت ببێتە یەكێک لەپێنج کاندیدەکەی لەناو سەرکردایەتی یەکێتی گفتوگۆی لەسەردەکرێت.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند، " کۆبوونەوەکەی شەوی رابردوویان لەگەڵ پارتی بێ ئەنجام بووەو تا ئێستا نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەبارەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، به‌ڵام دەبێت بەزووترین کات یەکلایی بکرێتەوە.

وتیشی، پارتی سوره‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق، بۆیە ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەیشتنە رێکكەوتن لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو ئەوا هەریەکەیان بەجیا کاندیدییان دەبێت، ئێمە خۆمان وەک یەکێتی کاندیدمان دەبێت خۆ عیراق لەسەر ئێـمە ناوەستێت".

لەبارەی کاندیدی حزبەکەیەوە وتی، لە ئێستادا چوار کەس لەناو یەکێتیدا ناویان دێت بۆ کاندید بوون (د.فوئاد مەعسوم، د.محەمەد سابیر، کاک مەلا بەختیار، ئەگەر دکتۆر بەرهەم بەفەرمی رایگەیاند گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی ئەوکات دەتوانێت ببێتە کاندید، تا نەگەڕێتەوە ناو یەکێتی کاندیدکردنی کارێکی زەحمەته‌، بۆ ئەوەش دەبێت به‌فه‌رمی رایبگه‌یه‌نێت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو یه‌كێتی.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەوە رێکكەوتنی سیاسیە یا قسەکردنە لەسەر یەکگرتنەوەی هاوپەیمانی و یەکێتی؟ ئارێز عەبدوڵا  ئاماژەی بەوە کردوە"ئێمە کەدەڵێین هاوپەیمانی واتای دکتۆر بەرهەم، کەدەڵێین دکتۆر بەرهەم واتای هاوپەیمانی، ئێـمە پێشوازیمان لەو دەستپێشخەریانەی دکتۆر بەرهەم کرد بۆ دانیشتن و رێکكەوتنی یەکگرتنەوە، بۆیە نەخێر ئەوە رێکەوتنی سیاسی نیە لە نێوانمان تەنها گفتوگۆکردن و رێکكەوتنی دکتۆر بەرهەمە بۆ ناو یەکێتی".

ئارێز عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، کە حزبەکەی دکتۆر بەرهەم دەستپێشخەری باشی کردووە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی، کشانەوەشی لە  بەشداری کردن لەهەڵبژاردنەکان یەکێک بووە لەدەستپێشخەرییەکانی دکتۆر بەرهەم بۆ یەکێتی.

 ناوبراو رەتیکردەوە بەشدارینەکردنی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی نەبوونی گرەنتییەوە بوبێت بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری و وتی،  "بەشداری نەکردنی قەوارەکەی دکتۆر بەرهەم دەستپێشخەریەک بوو بۆ یەکێتی کردی، ئەگەر لەسەر ساختەکارییە ئەی چۆن گفتوگۆی رێکكەوتن دەکەین؟ ئه‌گەر حزبێک ئەوەندە پاک و بێگەردە و حزبەکەی تر ساختەکار بێت چۆن داوای رێکكەوتنی لێ دەکات؟ خاڵێکی تر ئەی چۆن باسی یەکگرتنەوەمان لەگەڵ دەکات د.بەرهەم؟ چۆن باسی کاندیدکردنی لەلایەن یەکێتیەوە دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار؟".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئارێز عەبدوڵا باسی لە دوو بۆچونی ناو سەرکردایەتی کرد لەبارەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو یەکێتی و وتی، بۆچونێک پێی باشە یەکێتی کاندیدی بکات و دواتر لەکۆنگرە بگەڕێتەوە ناو یەکێتی لەوێ رایبگەیەنێت، بۆچونێکی تریشیان ئەوەیە کە لەسەرەتادا بگەڕێتەوە ناو یەکێتی پاشان یەکێتی کاندیدی بکات، چونکە من بڕوام وایە قورسە تا بەڕێز دکتۆر بەرهەم لەدەرەوەی یەکێتی بێت کاندیدی بکات چونکە هەر جەماوەری یەکێتیش زۆرینەیان حەز دەکەن کەسێک کاندید بێت ئەندامی بێت نەک کەسێک لەدەرەوەی یەکێتی یا لەتەنیشت یەکێتی بێت".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکراشیکرد،"هەموو هەنگاوەکانی دکتۆر بەرهەم لەدوای هەڵبژاردن کە گرتنیه‌به‌ر بە ئاڕاستەی رێکەوتن و گفتوگۆ و یەکگرتنەوە بوو لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو هەنگاوانەش بریتی بوو لە "هەڵوێستە نەرمەکانی، لێدوانەکانی، ئامادەبونی لەکۆبونەوەکان، داخستنی کەناڵی خەندان، پاشەکشە کردن لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، هەموو ئه‌و هەنگاو و دەستپێشخەریانە بەمەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ بوو لەگەڵ یەکێتی، خۆی ئەو دەستپێشخەریەش هی کاک دکتۆر بەرهەم خۆی بوو کە لە رێیی هەندێک لەبرادەرەکانی خۆمانەوە هەوڵی دابێت، بەڵام رەنگە هەوڵی لەدەرەوەی ئێـمەش هه‌وڵی دابێت بەس زیاتر هەوڵەکە لە رێگای هەندێک هەڤاڵی خۆمانەوە بووە".



AM:10:31:17/09/2018