پارتی یەک ملیۆن دۆلار و یەکێتی یەک ملیار دینار دەداتە کاندیدەکانی

حزبە گەورەکانی هەرێمی کوردستان هەریەکە و بەجیا پارە دەدەنە کاندیدەکانیان و هەرچی نەوەی نوێشە هیچ پارەیەکی نەداوەتە کاندیدەکان.

ڕۆژنامەی ڕووداو بڵاویکردووەتەوە پارتی بۆ هەر بەربژێرێكی بڕی 10 هەزار دۆلار خەرج بكات، بەڵام پارەكە بە یەك جار نادرێتە بەربژێرەكان و بە چەند قۆناغێك دەبێت. بەمەش كۆی ئەو هاوكارییەی پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرەكانی دیاریكردووە یەك ملیۆن دۆلارە.

سەبارەت بە یەکێتیش یەكێتی تاوەكو ئێستا 5 ملیۆن دیناری بە هەر بەربژێرێكی لیستەكەی داوە، بۆئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێبكەن. بڕیاریشە 5 ملیۆن دیناری دیكەشیان بداتێ. كەواتە یەكێتی 500 ملیۆن دیناری بۆ بەربژێرەكانی خەرجكردووە و لە هەفتەی كۆتاییشدا 500 ملیۆن دیناری دیكەش بۆ 100 بەربژێرەكەی خەرجدەكات. بەمەش كۆی گشتی ئەو پارەیەش كە بۆیان خەرجدەكات دەبێتە ملیارێك دینار، ئەمە جگە لەوەی پۆستەریشی بۆ چاپکردوون.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە گۆڕان هاوكاریی ماددیی بەربژێرەكانی ناكات، بەڵكو پۆستەر و فلێكسیان بۆ دروستدەكات. بۆ هەر بەربژێرێكیش 20 فلێكس و دوو هەزار پۆستەریان بۆ چاپدەكرێت تاوەكو لەسەر شەقامەكان بۆ بانگەشەی خۆیان هەڵیبواسن.

نەوەی نوێش هیچ هاوكارییەكی ماددیی بەربژێرەكانی ناكات. بەپێچەوانەی حیزبەكانی دیكەوە، كە هاوكارییەكی ماددیی باشی بەربژێرەكانیان دەكەن.

سەبارەت بە یەکگرتووی ئیسلامیش یەكگرتوو بۆ هەر بەربژێرێك هەزار دۆلار خەرجدەكات، تاوەكو ئێستا 500 دۆلاریان داونەتێ و‌ لە رۆژانی داهاتووشدا 500 دۆلارەكەی دیکەیان دەدرێتێ.

کۆمەڵی ئیسلامیش نزیكەی 800 هەزار دیناری داوەتە هەر کاندیدێکی تا بانگەشەی هەڵبژاردنی پێ بکات.




PM:04:26:17/09/2018