سپی زانیاری ورد لەسەر ئەو باندە بلآودەکاتەوە کە بە دەمانچە لە نانەوا چییەک دەدات
لە سلێمانی و دەوروبەری چەند باندێکی دزین و دەستدرێژیکردنە سەر هاولآتیان هەیەو پۆلیس بەردەوامە لە بەداواداچوون و ئەو کەسەی کە لەنانەواچیەکەش دەدات، دەستگیرکراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئەو کەسەی بە کلکە دەمانچە لە نانەواچیەکە دەدات و سووکایەتی پێدەکات، ناوی " ئا "، و خەڵکی سەیدسادقەو دەستی هەیە لە رفاندنی خەڵک و ئازاردانی هاولآتیان، بەپێی زانیارییەکانی سپی لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەند باندێکی لەو شێوەیە هەیەو پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەدواداچوونیان بەمەبەستی دەستگیرکردنیان.
رۆژی ١٣ ی ئەیلول لەلای پردی هڵوبە کە دەکەوێتە باشووری سلێمانی، پۆلیس بۆسەیەک بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە دادەنێن، لەکاتی دەستگیرکردنی تەقە لەهێزە ئەمنییەکان دەکات و ئەفسەرێک و پۆلیسێک بریندار دەکات و ئۆتۆبیلی پۆلیسیش بەرفیشەک دەکەوێت، لەو رووبەرووبوونەوەیەدا ئەم تۆمەتبارەش بریندار دەبێت و دەستگیردەکرێت، ئێستا ناوبراو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوەو زیندانییە.
سپی زانیوویەتی دوای دەستگیرکردنی ئەو سەرۆک باندە، پۆلیس داوای لەخەڵک کردووە کە هەرکەسێک لەلایەن ئەم تۆمەتبارەوە دەستدرێژیکراوەتە سەر لەلای پۆلسی داوای لەسەر تۆمار بکەن، بەپێی زانیاریەکانی سپی دادوەر لەچەند کێشەیەکی شەخسی لەم شێوەیە ئازادیکردووە، بەلآم وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەسەر بریندارکردنی ئەفسەرێک و پۆلسێکی خۆی هێشتوویەتیەوە لەزیندان لە سلێمانی.
بەپێی ئەو زانیاریانە چەند بەندێکی لەو شێوەیە لە سلێمانی و دەوربەری هەیە، کە تا ئێستا ئازادن و دەستگیرنەکراون و تۆمەتبارن بە دزی و سەرانە سەندن و بگرە دەستدرێژی سێكسکردنە سەر هاولآتیان. هەندێک لەو باندانە پەیوەندیان بەیەکیشەوە هەیەو، لەهەندێک حاڵەتدا بەناوی بەرپرسانەوە دەچنە سەر ماڵی خەڵک و پارە لەخەڵک دەسەنن، بەلآم ئەو بەرپرسانە هەڵوێستێکی جدیان نەبووە لەسەریان و لەرێگای سوڵحەوە ئازادیان کردوون.
ئەمڕۆ ٢١ ی ئەیلول بلآوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە کەسێکی جلی کوردی لەبەر لەنانەواچییەک دەدات بووبە بابەتی رای گشتی میدیاو خەڵکی کوردستان.
PM:09:08:21/09/2018