قوباد تاڵهبانی، ڕایگەیاند پلانیان ھەیە کەلە چوارساڵی داھاتوو
زیاتر لە 50 ھەزار ھەلی کار بڕەخسێنن ".
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ
پەرلەمانی کوردستان لە بانگەشەی حزبەکەیدا کە لە قەڵاچوالان بەڕێوەچوو ڕایگەیاند:
"یەک ھەفتەمان ماوە تا سەرکەوتنێکی گەورەو مێژوویی تۆماربکەین لەداستانە دوور
و درێژەکەی یەکێتی لەپێناوی بەردەوام کردنی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".
وتیشی "تا ئێستا ھەڵمەتێکی زۆر
نایابمان ھەبووە، دەستخۆشی لە ئێوە و کاندیدە بەرێزەکان دەکەم، کە ھەمووان خەریکی
کۆکردنەوەی دەنگن بۆ یەکێتییەکەیان، کەوەک یەک حزب وەک یەک دەنگ و یەک رەنگ،
یەکێتیانە تائێستا ھەڵمەتێکی نایابمان کردووە و توانیومانە ئەو شەپۆلەی لەمانگی
پێنج دا ئاماژەم پێدا و وتم شەپۆلە سەوزەکە بەرێوەیە، ئێوە گەیاندتانە کوردستان،
شار و شارۆچکەکانتان سەوزپۆشکرد".
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند
"لەدھۆکەوە تا گەرمیان جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە دەبینین لەناو کادر و دڵسۆز و
لایەنگرانی یەکێتی، ترس و لەرزێکی زۆریش دەبینین لەچاوی نەیارەکانمان، چونکە
بینیویانە یەکێتی ناو ماڵی خۆی رێک دەخاتەوە، نێو خۆی ئاشت دەکاتەوە، ئەو کەسانەی
کەلێی دوورکەوتونەتەوە نزیکیان دەکاتەوە، یەکێتی دووبارە متمانە بەو کەسانە
دەکاتەوە کەڕەنگە جاران دەنگیان بەلایەنێکی تر دابێت، بگەڕێنەوە دەنگ بدەنەوە
بەیەکێتی، نەیارەکانمان دەبینن کەیەکێتی بۆتەوە بەو ھێزەی کەتەقلە بەفیل لێ ئەدات".
کاندیدی
ژمارە یەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەشڵێت "حزبەکانی تر ھیچ پلانێکیان
پێشکەش نەکردوە، سێ ھەفتەیە تەنیا تەحلیل و تەفسیر و نقورچ و بەرد دەھاوێژنە
دروشمەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئێمە دەزانین ئێوە دژن، ئێوە ھەر دژ بوون،
خەڵکیش زانیویەتی ئەو لایەنانەی ھەر رەخنە ئەگرن ھەر دژایەتیان کردوە لەپێناوی
دژایەتی کردن، ھیچ شتێکیان پێشکەش نەکردوە، بەردێکیان نەخستوهتە سەر بناغەی
کوردستان بەرەو ئارامی، خۆشگوزەرانی، گەشەپێدانی بازاڕ، زیادکردنی ھەلی کار،
باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆیە خەڵک دەزانێ یەکێتی پلانێکی ھەیە بۆ باشترکردنی
ژیان و گوزەرانی، ئەمانە تەنیا دروشم نیە".
سەبارەت
بە دروشمی حزبەکەشیان کە هەلی کارە لەم هەڵبژاردنەدا وتی "پلانمان ھەیە
کەلەچوارساڵی داھاتوو زیاتر لە 50 ھەزار ھەلی کار بڕەخسێنین، ئەمە تەنیا ژمارەیەک
نیە بیڵێی، بەڵکو پلانمان ھەیە تەنیا بەبەگەڕخستنەوەی دوو ھەزار کارگە، 40 ھەزار
ھەلی کار دەرەخسێت، لەم چەند رۆژەی داھاتوشدا پرۆژەیەک پەسەندکراوە و بەردی بناغەی
بۆ دادەنێین کە 15 ھەزار ھەلی کاری تر دەڕەخسێنێت، ئێمە تەنیا قسە ناکەین بەڵێن
دەدەین و دەیبەینەسەر".
وتیشی:
"دەبێ بەدەنگدان ھاوسەنگی ھێز بگەڕێینینەوە بۆ کوردستان، نەھێڵین ھیچ ھێزێک
تاک لایەنە بڕیار بدات لەپێناوی ھەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چونکە ئێمە یەکێتی
نیشتمانی کوردستانین و ئەوە لەھیچ لایەک قبوڵ ناکەین".
لەبارەی
ئەو "بۆ..."یەی کەھەڵمەتی بانگەشەی لیستی یەکێتی پێ دەستپێکرا، قوباد
تاڵەبانی وتی: "ئێمە بەیەک وشە دەستمان پێکرد، بۆ ...، بۆ یەکێتی، دیارە بۆ،
یەکەم: سەروەریمان، مانەوەمان، گەشەکردنمان، بەندە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە،
بۆیە یەکێتی، چونکە سەرچاوەی ھەموو سەرکەوتنەکانمانە، بۆیە دەبێ ئەو یەکێتییە
ھەمیشە بەرەو گەشەکردن بەرین، ئەوە بەئێوە دەکرێ، ئەمە وتەکانی مامن، ئەمە
پابەندبوونە بەرێبازەکەی مام، کەوتەکانی نەخشە رێگایەکە بۆ ئێمە کەلەسەری
بمێنینەوە باشترین خزمەت دەگەیەنین بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".