رۆژی دەنگدان هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان رادەگیریت


رۆژی 30ی ئەم مانگە هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكانی هەرێم ڕادەگیرێت، پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت "لەڕۆژی دەنگداندا هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكانی هەرێم و حكومەی ناوەند ڕادەگیرێت، جگە لەنێوان سلێمانی و هەڵەبجە".

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەک لەگەڵ کۆمسیۆن ڕایگەیاند، "وەكو پارێزگای سلێمانی كۆمەڵێك ڕێوشوێنمان گرتۆتەبەر بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، لەچوارچێوەی كاركردن بەپلانی ئەمنی، دەشبێت هاوڵاتیان بەئازادانە دەنگبدەن و نابێت فشار لەكەس بكرێت".

پارێزگاری سلێمانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"تەئكیدمان لەسەر كاركردن بەنوسراوی وەزارەتی ناوخۆ كردۆتەوە، كە بردنە ژورەوەی مۆبایل و چەك بۆ بنكەكانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە".

ئاشكراشیكرد، "كاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٩ی ٩ بۆ ١٢ شەوی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨، هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكانی هەرێم و حكومەتی ناوەند ڕادەگیرێت، جگە لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو یەكە ئیدارییەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان".

ئەوەشی وت:"هیچ بنكەیەكی تایبەت (VIP) لەهەرێمی كوردستان ناكرێتەوە بۆ دەنگدانی بەرپرسە حكومی و حزبیەكان و هەركەسەو لەبنكەی خۆی دانگدەدات".




PM:09:42:23/09/2018