هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان قەدەغەیە

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر کە هاوکات ئەندامی لێژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکانە، جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکوو کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨، هاتوچۆکردن لە نێوان پارێزگاکان قەدەغەیە.

کەمێک لەمەوبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، تاوەکوو کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ کە پرۆسەی دەنگدان کۆتایی دێت، هاتوچۆکردن لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەیە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو ڕێگاکان دادەخرێن و هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکان قەدەغەیە، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد بە بڕیارەکەوە پابەند بن و بازگەکانیش بڕیارەکە جێبەجێ بکەن.

ڕوونیشی کردەوە کە بازگەی نێوان پارێزگاکان دادەخرێن، نەک بازگەی نێوان سەنتەری پارێزگا و شارۆچکەکان. وتیشی "ئەوە بڕیاری لێژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگاکانە و پێویستە هەموو لایەک پێیەوە پابەند بن".




AM:11:12:30/09/2018