نوسینگەی رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی روونکردنەوەیەک لەسەر هەواڵێکی "سپی" بڵاودەکاتەوە

راوێژکاری رۆژنامەگەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر هەواڵێکی "سپی"، کە تایبەتە بە دوو ئیدارەیی روونکردنەوە دەدات.

سامی ئەرگوشی، راوێژکاری رۆژنامەگەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا کە تایبەتە بە "سپی" رایگەیاند، "ئەو هەواڵەی، کە سپی لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری یەکێتییەوە بڵاویکردوەتەوە، دەربارەی کۆبونەوەیەکی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی و بافل تاڵەبانی، کە گوایە نێچیرڤان بارزانی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی کردووە دوورە لە راستییەوە".

لە رونکردنەووکەدا سامی ئەرگوشی وتیشی،" بەهیچ جۆرێک نێچیرڤان بارزانی قسەیەکی وای لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی باس نەکردووەو، ئەو زانیارییانەی لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی یەکێتییەوە لە سپی بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە".

ئەمشەو لە هەواڵێکی سپی-دا، کە لەسەر کۆبونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی بڵاوکرابووەوە، لە سەرچاوەیەکی بەرپرسی یەکێتیەوە، کە نەیوویست ناوەکەی ئاشكرا بکرێت ئاماژەی بەوە کردبوو، لەکۆبونەوەیەکدا کە لەسەر پرسی سەرۆکی عێراق لە بەغدا گفتوگۆکراوە، نێچیرڤان بارزانی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی کردووە ئەگەر یەکێتی کاندیدەکەی نەکشێنێتەوە، سامی ئەرگوشی رایگەیاند ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە.





PM:07:42:01/10/2018