شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی بزوتنهوهی گۆڕان، دەڵێت" ئێستاش پێم وایە کەشوهەوای هەڵبژاردن لەبارنەبوو، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێشبینی كراوبوو لهبهر ئهو بارودۆخهی لهكوردستان ههیه، بەڵام من کەسێکی حیزبیم و پابەندی بڕیاری حیزبەکەم بووم.
شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی بزوتنهوهی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان کرد لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و وتی" ئێمە پێمان وایە لەهەڵبژاردنی 30-9) ساختەکاریەکی گەورە کراوە هەر لەزاخۆ تا خانەقین سەدان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرمان هەیە، زیاتر لە(200)دەنگ زیاد کراوە بۆ یەكيتی و پارتی وە دەیان هەزار دەنگی گۆڕان پوچەڵ کراونەتەوە".
وتیشی،" ئێستاش چاوەڕێی کۆمسیۆنین ئەگەر سکاڵاکان یەکلایی نەکرێتەوە دەنگە دزراوەکانی گۆڕان نەگێڕنەوە، وە دەنگە ساختەکانی پارتی و یەکێتی و پارتی هەڵنەوەشێتەوە، ئەوا هەڵوێستی ترمان دەبێت کە زۆربەی زۆری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایان وایە کە سەرلەبەری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و كۆی پڕۆسەکە ڕەتبکەینەوە ئەوە وەک هەنگاوی یەکەم، کەدەڵێم هەنگاوی یەکەم واتە هەنگاوی تریشی بەدوادادێت."
سەبارەت بەوەی ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان دەنگەکان ڕەتبکەنەوە چی لەبابەتەکە دەگۆڕێت، شۆڕش حاجی وتی" ئەوە دەگۆڕێت، کە ئەو خەباتی مەدەنیەی گۆڕان وەک شاڕێێ گۆڕانکاری لەکوردستان گرتبویە بەر لەڕێگای سندوقی دەنگدانەوە دەرفەتێکی تریشمان دایە گۆڕانکاری لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەڵام ئیتر ئەم شاڕێێ گۆڕانکاریە لەگەڵ دوو هێزی خۆسەپێنی وەک پارتی و یەکێتی دەکەوێتە ژير پرسیارەوە لەلایەن هاوڵاتیانی کوردستانەوە."
سەبارەت بەداوای دەستلەکارکيشانەوەی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕيکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی کەمبونەوەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان؟ شۆڕش حاجی وتی" من وەک خۆم، وەک ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و سکرتێری کاروباری خەڵک ئەگەر لە ئاست چاوەڕوانی ئەوان نەبوبێتم ئەوا داوای لێبوردن دەکەم چونکە جوامێری مرۆڤ لەوەدایە دان بەهەڵەی خۆی بنێت، بەڵام وەک خۆم دەڵێم ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پێم بڵێت" کەمتەرخەمی لەتۆ-یە ئەوا ئامادەم نەک داوای لێبوردن بکەم بەڵکو دەستیش لەکاردەکێشمەوە.ئەمەش لەسەر داوای بزوتنەوەکە نەک کەسێک یا چەند کەسێک چونکە ئەوە شتێکی تەندروست نیە، بەڵام بەوەی کەوا هۆکاری کەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان بدرێتە پاڵ یەک ئۆرگان و یەک کەسێک لەبزوتنەوەکە ئەوە بەشتێکی بابەتی و زانستی نازانم ، بڕیارمان داوە."
ئەوەشی خستەڕوو،" ئێمە بڕیارمان داوە دوای ڕاگەیاندنی هەڵوێستی فەرمی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی نێوخۆیی دەکرێت بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی، لەوێ هەڵبژاردن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی و سەرجەم ژورەکان و ئۆرگانەکانی گۆڕان دەکرێتەوە."
د.شۆڕش حاجی جەختی لەسەر هەڵوێستی پێشووی کردەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و وتی" بەڵێ من پێم وابوو "فیعلەن" کەشوهەوای هەڵبژاردن لەبار نیە، پێشبینی ئەم ئەنجامانەمان دەکرد، بەڵام من کەسێکی حیزبیم بڕیار لەشوێنی باڵاتر و بەزۆرنیە دەدرێت من پابەند دەبم بەو بڕیارانەی حیزبەکەم."
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنە دەگڕیت لەکاتێکدا سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنەکانی کۆمسیۆنی و کارمەندی تری لەکۆمسیۆن هەیە، وتی" باباتەکە ئەو برادەرانەی ئێمە نین، ئەوان لەکۆمسیۆن کاری باشییان کرد و کۆمسیۆنیش بڕیاری باشیدا، بەڵام کارمەندی کۆمسیۆن لەبنکەکانی دەنگدان بەشەق دەرکرا، خۆم لەهەڵمەتی هەڵبژاردن زۆرترین کارم کرد، ئەندام و چاودێری بزوتنەوەی گؤڕان بەشەق لێی دراوە، گیراوە، ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان شەو و ڕۆژی هەڵبژاردن ئاسایشی پارتی فشاری بۆ هێناوە ببێتە چاودێری پارتی، پەیامنێری ئێـمە(بڕیار نامیق) لەکاتی ڕوماڵی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن لەسلێمانی لێیدەدرێت و دەستی دەشکێنرێت، ئەمە هەڵبژاردنە لەم وڵاتەدا، کەهێزەکان نیشتمانی نین سەر بەم حیزب و ئەو حیزبەن فرمان لەم کەس و لەوکەسی حیزبیانە وەردەگرن."
هەروەها وتی" ئەم کەشووهەوایەی لەکوردستان هەیە، ئەم بارودۆخەی لەکوردستان هەیە، ئێمە پێمان وایە بەردەوام بین لەم شێوازە خەباتی"مەدەنی"ەی هەیە وەک لەوەی خوێنی کوڕی کورد بەڕشتن بدەین ئێمە خۆمان بەخاوەنی ئەم ئەزمونە دەزانیژن، ئەم ئەزمونە بەخوێن هاتۆتە ئاراەوە و ئێمە دەبینە پارێزەری ئێمە ئەمانەمان قبوڵ کردووە تا ئەم ئەزمونە بپارێزین ئەم شێوازی خەباتی"مەدەنی"ەش بۆ ئەوەیە خەڵک فێری شێوازی خەباتی مەدەنی بێت، پارێزگاریش هەوڵی خۆی داوە بەڵام لەم وڵاتەی ئێـمەدا یاسا سەروەر نیە تا تاوانباران دەستگیربکرين."
دەربارەی ڕۆیشتنی هەڵسوڕاوانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو یەکێتی؟ د.شۆڕش حاجی وتی" ئەم کاروانەی گۆڕان کاروانێکی سەختە،هەموو کەس بەرگەی ناگرێت، چونکە نەیار و بەرامبەرەکانمان خاوەن دەسەڵات و ئیمتیاز و هێزن، بۆیە هەندێک کەس بەرگەی ناگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین ڕۆژێک لەڕۆژان لەگەڵمان بون، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بەڕۆیشتنی کەس و بەمردنی نەوشیروان مستەفاش کۆتایی نایەت، بەڵکو تا ستهم و زۆرداری ههبێت، گەندەڵی و نادادپەروەری هەبێت خەباتی گۆڕانخوازی کۆتایی نایەت."