هەولێر...دەست بەسەر پێنج تەن برنجی ساختەکراو گیرا

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، توانیوایانە دەست بەسەر پێنج تەن برنجی ساختەکراو و یەک تەن شامپۆ و سابوونی بەسەرچوودا بگرن.

قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هه‌ولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژەی بەوە کردووە، خاوەن پێنج تەن برنجەکە ویسویەتی لە ڕێگەی تێکردنی برنجی کوالێتی خراپەوە لە گونی نوێدا لەبازاڕەکان بەکوالیتێکی باش بیفرۆشێت.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەلایەن لیژنەکانیانەوە ئەو بڕە برنجە دەستی بەسەردا گیراوە، گواستراوەتەوە بۆ زبڵخانەی کانی قڕژاڵە و بەشێوەی زانستی ژینگەیی لەناوبراون، ڕێکاری یاسایش بەرامبەر خاوەنەکەی گیراوەتە بەر بەپێی یاساش خاوەنەکەی سزادەدرێت.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش باسی کراوە، بڕی یەک تۆن شامپۆ و سابونی تەندروستی ماوەبەسەرچوو لە‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر هۆبەی ئابووری ده‌ستی به‌سه‌رداگیراو بەهەماهەنگی لیژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕ لە قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بەشێوەیەکی زانستی ژینگەیی لەزبڵخانەی کانی قڕژاڵە لەناوبردراوە.




AM:08:56:23/10/2018