بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چەند پرسێكی تری تایبەت بە هەرێم و عێراق، ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبنەوە.
شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزۆتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨ وەفدێكی كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بكات.
ئاماژەی بەوەش كرد، كۆبونەوەكە تایبەت دەبێت بە پرسی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و هەروەها تاوتوێكردنی هەڵوێستی هاوبەش و قۆناغی داهاتوو لەسەر ئەو پرسە، هەروەك ئەگەرەكانی بەشداری یاخود بەشداری نەكردنی ئەو دوو لایەنە لە حكومەت گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.
پێشتر رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندبوو، لەناو بزوتنەوەكەیاندا دوو بۆچوون هەیە، بەشێكیان پێیانوایە كە گۆڕان نابێت بەشداربێت و بەشەكەی تریش پێیان باشە گۆڕان بەشداری لە حكومەتدا بكات، وتیشی هەموو ئەگەرەكان لەبەردەم بزوتنەوەكەیاندا كراوەیە.
هەرچی كۆمەڵی ئیسلامییە هەرچەندە رۆژی سێشەممە ٢٣ی تشرینی یەكەم ئەنجومەنی سەركردایەتییەكەی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت، كۆبووەوە، بەڵام خۆیان یەكلانەكردەوە كە بەشداری دەكەن یاخود نا.