دژی كەموكورتی كۆلێجەكەیان و دانەمەزراندنیان، خۆپیشاندان و رێپێوانی فێرخوازانی كۆلێجی پزیشكی ددان لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
كەمێك لەمەوبەر خۆیندكارانی كۆلێجی پزیشكی ددان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان لەبەردەم زانكۆكەیان دەستپێكردووە و بەنیازن بە رێپێوان بۆ بەردەم نەخۆشخانی فیركاری ددان لە شەقامی پیرەمێرد بڕۆن.
خۆپیشاندەران داوا دەكەن بودجەیەكیان بۆ تەرخان بكرێت بۆئەوەی بتوانن پێداویستی راهێنان و كۆلێجەكەیان دابین بكەن، هەروەك داواش دەكەن رێگە لە كردنەوەی زانكۆی ئەهلی بگیرێت بۆئەوەی زیاتر دەرفەتی هەلی كاریان بۆ برەخسێت و دابمەزرێن.
ژمارەیەك لە بەشداربووانی گردبوونەوەكە ئاماژەیان بەوە كرد، كۆلێجەكەیان كێشە و كەموكورتی زۆری هەیە و ئەو بڕە پارەیەی كە بۆیان دابینكراوە لە ئاست پێداویستییەكانیاندا نییە.
راشیانگەیاند، چەندین زانكۆی ئەهلی پزیشكیی ددان كراونەتەوە لە كاتێكدا تا ئێستا سێ وەجبەی دەرچووی كۆلێجەكەیان دانەمزراوە بۆیە داوای داخستنی ئەو زانكۆ ئەهلییانە دەكەن.
بە مەبەستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، ماوەی ١٠ رۆژە خوێندكاران و فێرخوازانی كۆلێجی پزیشكی ددان لە سلێمانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەستپێكردووە كە بەوتەی خۆیان تا ئێستا وەڵامی داواكارییەكانیان نەدراوەتەوە.