گومان لە سوتانی بازاڕەکەی هەولێر دەکرێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند شوێنی بازاڕی لەنگە ستراتیژییەو دەکرێتە شوێنێكی بازرگانی

نافز ناوپردانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە هەرچەندە تائێستا بەتەواوەتی هۆكاری سوتانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر رانەگەیەنراوە، بەڵام پێدەچێت هۆكارە سەرەكییەكەی، خراپی سیستمی كارەبا بێت، كە بەشێوەیەكی ستانداردی جیهانی دروستنەكراوەو هیچ جۆرە رێڕەوێكی ئاسایی نییە.

ڕاشیگەیاندووە "ئەگەر لە لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بەو رووداوە دەركەوت بازاڕەكە بە ئەنقەست سوتێنراوەو رێوشوێنی یاسایی نەگیرێتەبەر، ئەوا وەكو ئەنجومەنی پارێزگا سكاڵا تۆمار دەكەین".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بۆ یەكەمین جارە ئەو بازاڕە بەو شێوە فراوانە بسوتێت، كە بەپێی داتا بەراییەكان، زیانەكان بە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتوویەتی پێشتر بازاڕێك بۆ كاسبكارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر دروستكرا، بەڵام كاسبكاران ئامادەنەبوون بچنە ئەو شوێنە نوێیەوە، چونكە جێگەی ئێستایان دەكەوێتە سەر دوو شەقامی ستراتیژی 100 مەتری و 40 مەتری و تاڕادەیەك لە سەنتەری شارە.

ئەوەشی وت:" ئەگەر كاسبكارانی بازاڕی لەنگە شوێنەكەیان چۆڵكردایە، پێدەچێت بكرایەتە شوێنێكی بازرگانی".




PM:08:05:25/10/2018