سوپای توركیا هێرشیكردە سەر چەند گوندێكی كۆبانێ و هاوكات داعشیش هێرشیكردە هێزەكانی هەسەدە و ژمارەیەكیان شەهیدبوون.
ماڵپەڕی "فورات نیوز"ی سەر بە پەكەكە بڵاویكردەوە "سوپای توركیا لە كاتژمێر ١٠:٣٠ دا هێرشیان كردووەتە سەر ٤ گوندی رۆژئاوای كۆبانێ سوپای توركیا بە تۆپخانەكانی ئەو ٤ گوندەی تۆپبارانكردووە و زیانی بە ماڵ و موڵكی هاووڵاتییان گەیاندووە".
ئەوەشی ئاشكراكردووە ئەو گوندانەی رۆژئاوای كۆبانێ كە لەلایەن تۆپخانەكانی توركیاوە تۆپباران كراون بریتین لە: زۆرموغار، خراب عەتۆ، چارقلی و ئاشمێ.
هاوكات بەپێی بەیاننامەیەكی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ یەكشەممە 28/10/2018 فەرماندەیی هەسەدە رایگەیاندووە، دوای حەوت هەفتە لە شەڕ لە دژی داعش لە شارەدێی هەجین لە ناوچەی ئەلبوكەمال لەلایەن داعشەوە كۆنتڕۆڵكراوە.
هەجین شارەدێیەكی سەر بە پارێزگای دێرەزوورە لە رۆژهەڵاتی سووریا و كەوتووەتە رۆژهەڵاتی رووباری فورات و نزیك سنوورەكانی عێراق و لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، لە دەست هێزەكانی حكومەتی سووریا دەرهێندراوە.
رۆژی شەممە داعش بە سودوەرگرتن لە خراپیی كەشوهەوا، هێرشیكردە سەر هێزەكانی هەسەدە و لە ئەنجامدا 60 شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەست دا و نزیكەی 100 شەڕڤانی دیكە بریندار بوون.