هاوڵاتیان لەم فێڵە ئاگادار دەکرێنەوە


سەبارەت بە پێدانی پسوولەی ئاو بەماڵێ‌ن و بەستنی پێوەری ئاو، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ھۆشداریدا و رایگەیاند "نزیکەی ھەفتەیەکە پێوەری ئاو راگیراوە و ھیچ بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی نەدراوە".

لە 23ی تشرینی یه‌که‌می 2018 بەبڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو، بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا، بەڵام ژمارەیەک لەماڵەکان پسوڵەیان بۆ براوە و داوایان لێکراوە لەماوەی 10 ڕۆژدا پێوەرەکە ببەستن، ئەگەرنا غەرامە دەکرێن.

ئامانج جەلال، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی به‌ تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی راگەیاند "لەئێستادا  ئاگاداری بردنی پسوڵە نین بۆ ھاووڵاتیان تایبەت بەبەستنی پێوەری ئاوی ماڵان، چونکە بەبڕیارێکی  بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو، بۆ ماوەیەکی کاتی بەستنی پێوەرەکە ڕاگیراوە".

لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی وتیشی "ھیچ کەسێکیش ئاگاداری نەکردوینەتەوە کە لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا دوای بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو بۆ ڕاگرتنی پێوەرەکە  پسوڵەیان بۆ چووبێت یان ئاگادارکرابێتنەوە بۆئەوەی لەماوەی 10 ڕۆژدا پێوەرەکە ببەستن، ئەگەر حاڵەتێکی لەو شێوەیەش ھەبێت ئیجرائات دەکەین".

ئامانج جەلا لە درێژەی قسەکاندیا وتی "داوا لەو ھاووڵاتیانە دەکەین کە تائێستا پێوەرەکەیان نەبەستوە، جارێ ھیچ پێوەرێک نەبەستن تا خۆمان وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاگاداریان دەکەینەوە".




PM:09:16:30/10/2018