ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی پێیوایە پارتی بەبێ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و یەکێتی دەتوانێت( ٥٠+١) ی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەستبەربکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم.
نوری حەمە عەلی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت" پارتی بەھۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەدەستی ھێناوە، زۆرترین کورسیی پەرلەمانی کوردستانی مسۆگەر کردووە، بێگومان ئێستا ئێمە ٥٠ +١ی کورسییەکانمان ئامادەیە و بەبێ یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دەتوانین کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنین".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی بە ماڵپەڕی باسی راگەیاندووە کە حزبەکەی خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکات و لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەنجام دەدات، تاوەکوو بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت. دەشڵێت ”یەکێتی ناتوانێ بە ٢١ کورسییەوە داوای پۆستی باڵا بکات، دواجار باوەڕیش ناکەم حزبێک داوای پۆستی باڵا بکات، ئەگەر بەقەد باڵای خۆی نەبێت، ھەر کەسێکیش کە جل دەدوەرێ، بەقەد قەد و باڵای خۆی جل دەدوورێت، ڕاستە برادەرانی یەکێتی لە ڕابردوودا لە حکومڕانیی ھەرێمی کوردستاندا ھاوبەشی ئێمە بوون و پێکەوە بووین، بەڵام ئەگەر ئێمە لەپێناو بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و ئارامیی ناوچەکە موڕاعاتی یەکێتی بکەین، شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام ئەگەر ھەر حزبێک سنووری خۆی تێپەڕێنێت و داوای پۆستی باڵا بکات، باوەڕ ناکەم بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی تێدابێت".
نووری حەمە عەلی جەختی کردەوە کە پارتی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی، هەمیشە قوربانی بەخۆی داوە و پشکەکانی خۆی بە حزبەکانی دیکە داوە، بەڵام ”ھەندێکجار حزبەکان سوودیان لەو نەرمی نواندنەی پارتی وەرگرتووە، بۆیە ”ئەو حزبانەی داوای پۆست و پلەوپایە دەکەن، پێویستە ئاگایان لە خۆیان بێت، بەو مانایەی لە ئایندەدا موزایەدە نەکەن و لە نیوەی ڕێگادا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەجێ نەهێڵن".
دووپاتیشی کردەوە، هەر حزبێکی سیاسی کاتێک بەشداری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەکات، ”پێویستە خۆی بە خاوەنی حکوومەتەکە بزانێت، بەڵام ئەگەر پێیەکی لەناو ئۆپۆزسیۆن و پێیەکی دیکەشی لەناو حکوومەتدا بێت، ئەوە قەبوڵ ناکرێت، ھەرچەندە کابینەکانی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتییانی کوردستانی کردووە، بەڵام پێمان وایە ئەم کابینەیە زیاتر خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی کوردستان فەراھەم دەکات".
لە هەڵبژاردنی ٣٠ ی ئەیلولدا پارتی توانی ٤٥ کورسی بەدەستبهێنێت، یەکێتی ٢١ کورسی و گۆڕان ١٢ کورسی و لایەنەکانی تریش ئەودوای کورسیەکانی تریان بەدەستهێنا.