بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تەرمی 22 پەنابەری عێراقی، کە لە وڵاتی توركیا لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێک لە ئیزمیر گیانیان لەدەستدا بگەڕێنرێتەوە بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا.
ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،"چەند رۆژێك لەمەوبەر تەرمی 15 لەو پەنابەرانەی لە روداوی وەرگەڕانی پاسێکدا گیانیان لەدەستدا لە ئیزمیرەوە گەڕێنراونەتەوە ئیستانبوڵ، بەڵام بەهۆی ئەوەی حەوت لەو پەنابەرە كە خاوەنیان لەوێ نەبوون گەڕانەوەیان لە ئیزمیرەوە بۆ ئیستانبوڵ دواخرا.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستاشدا رێكارە یاساییەكان بۆ گەڕانەوەی تەرمی 22 پەنابەری دیکەی عێراق تەواوكراوەو بڕیارە سبەینی پێنجشەممە تەرمی ئەو پانابەرانە بگاتە ئیستانبوڵ".
ئاری جەلال ئەوەشی خستەڕوو، "دوای ئەوەی تەرمی ئەو پەنابەرانە گەیشتنە ئیستانبوڵ راستەوخۆ تەرمەكانیان لەرێگەی فڕۆكەوە دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا".
15ی ئەم مانگە، لە پارێزگای ئیزمیر بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەیانەوە ژمارەیەك هاوڵاتی عێراقی گیانیان لە دەستدا كە بەنیازبوون لە تورکیاوە خۆیان بگەیەننە ولاتانی ئەوروپا.