پەرلەمانتارێکی گۆڕان ڕایگەیاند پێویستە بەزوترین کات بزوتنەوەکە ڕاپرسی بکات و بۆچونی لایەنگر
و ئەندامانی وەربگرێت بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەوەی بەشداری حکومەت دەکات یان نا.
کاوە محەمەد پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە
نوسینێکدا کە لە بەشی بیروڕای سپی بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند "هەر حزبێک لەدنیادا دووچاری کەمترین
پاشەکشە ببێت و دەنگەکانی لەکورتی بدات، دەستدەکات بە راپرسیکردن لەناو خەڵک تا
بزانێت هۆکارەکانی ئەو شکستەی چین و ئەمجارە بۆچی هاووڵاتیان دەنگیان پێ نەداون،
هەندێجار هەیە ئەو حزبانە تەنانەت لەدوای سەرکەوتنیشدا راپرسی دەکەن بۆئەوەی بزانن
بۆچی دەنگی زیاتریان هێناوە ؟..بۆ لەفلان شوێن دەنگیان زۆر زیادیکردووە و بۆ
لەشوێنێکی دیکە کەمتر و ...تاد. بۆیە بۆ گۆڕان ئەمڕۆ لەهەموو کاتێک زەروورترە کە
راپرسی بکات و لەناو هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازان و دەنگدەراندا هۆکارەکانی پاشەکشەکەی
هەڵێنجێت و لەسەر بنەمای ئەو هۆکارانە پرۆژەی چاکسازی و گۆڕانکاری ناوخۆیی
دابڕێژێت و جێبەجێی بکات".
هەروەها داواش دەکات کە بۆ بڕیاری
بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتی داهاتووی هەرێمدا ڕاپرسی بکرێت تا بزانرێت بۆ
بزووتنەوەکە باشە بەشداری بکەن یاخود نا.