پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی وەرگرتنی 48 ملیۆن دینارەکە بەیاسایی دەزانێت و دەشلێت،" وڵاتەکەمان دەوڵەمەندە" و بەو پارەیەی دەدرێتە پەرلەمانتار، لێی کەم نابێتەوە.
شکوریە شێخانی پەرلەمانتاری کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو 48 ملیۆن دینارەی بەپەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت %100 یاساییە، چونکە یاسا ئەوەی ڕێک خستووە، بێگومان ھەموو فەرمانبەرێکی حکومی بەبێ جیاوازی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە".
وتیشی "کاتێک فەرمانبەرێکی حکومی خزمەتی خۆی تەواو دەکات یان خانەنشین دەکرێت، بەپێی یاسا مووچەی شەش مانگ بەسەریەکەوە وەردەگرێت، بۆیە بەھەمان شێوە ئەو یاسایە پەرلەمانتارانیش دەگرێتەوە و بەپێی یاساکە ھەموو پەرلەمانتارێک مافی ئەوەی ھەیە کە مووچەی شەش مانگ بەسەریەکەوە وەربگرێت".
پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی دەشلێت "ھەرێمی کوردستان، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بەو مووچە و پارەیەی کە دەدرێ بەپەرلەمانتار لێی کەم نابێتەوە، ھەرچەندە کاتێک وەزیرێک دەستبەکار دەبێت، سەرەتا دوو دەفتەر دۆلار بۆ کەلوپەلی ناوماڵ وەردەگرێت، ھەروەھا خانوویەک و ھەشت پاسەوان و مووچەیەکی باش وەردەگرێت، بەڵام کاتێک پەرلەمانتارێک شتێک وەردەگرێت، خەڵکی ھەزار قسەی پێدەڵێن".