چەند دەرمانخانە و نۆڕینگەیەك داخران

قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی پابەند نەبون بەسیستەمی تەندروستی و جێبەجێنەكردنی مەرج و ڕێنماییەكان، لە مانگی ڕابردوودا پێنج دەرمانخانه و سێ نۆرینگە‌ لە سلێمانی داخراون و دەستیش بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی بەسەرچوودا گیراوە.

قایمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژەی بەوە كردووە، ڕۆژانە لیژنەكانیان سەردانی نۆرینگە و دەرمانخانە و ئەو شوێنانە دەكات كە چارەسەری هاوڵاتیانی تێدا دەكرێت و دە‌فرۆشرێت لە سەردانەكانیاندا لە مانگی ڕابردوو (٥٣) پسوڵەی سەرپێچیان تۆماركردووە، بەهۆی سەرپێچیكردنەوه (١٤) شوێنیان بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە كە دوبارەی ‌نەكەنەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەر لەمانگی رابردودا لیژنەی هاوبەشی تەندروستی دەستی بەسەر زیاتر لە ١٤٠ پاكەتی جۆراوجۆردا گرتوە و بەهۆی ئەمەشەوە ئەو دەرمانخانە و نۆرینگا‌نە لەلایەن لیژنەكەوە داخراون.

لە ڕاگەیاندراوێكدا قایمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، بەهۆی سەرپێچیكردنەوە  بڕی ٧٥٠ هەزار دینار غرامەی سەرپێچیكاران كراوە كە بەپێی یاسا و رێنماییەكان دەچێتەوە بۆسەر خەزێنەی گشتی. 

باسی  لەوەشكردووە،  پێویستە دەرمانخانە و نۆرینگەكان لە كاتژمێر ١ی دوای نێوەرۆ بكەنەوە و هەر كەسێك پابەند نەبێت‌ بە مەرجی یاسایی كردنەوەی شوێنەكه سزا دەدرێت.

پێشتریش قایمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن، لیژنەی هاوبەشی تەندروستی سلێمانی دوو دەرمانخانەی لە شارەكە داخست.




PM:01:23:06/11/2018