دەزگای دادوەریی ئێران حوكمی سێدارەی بەسەر منداڵێكی كورددا سەپاند

دەزگای دادوەریی ئێران حوكمی سێدارەی بەسەر مێرمنداڵێكی خەڵكی سەقز سەپاند كە لە تەمەنی منداڵیدا تووشی تاوان بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆفی "هەنگاو" لقی یەكەمی دادگای تاوانەكانی پارێزگای سنە ڕۆژی سێشەممە 2018/11/6 حوكمی سێدارەی بەسەر مێرمنداڵێكی خەڵكی سەقز بە ناوی "شایان سەعیدپوور" كوڕی سەلاحەدین سەپاندووە.

ئەو حوكمە لەلایەن دادوەر وەفاییان و بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.

شایان سەعیدپوور لە ڕێكەوتی ی ئاگۆستی ٢٠١٥لە كاتێكدا تەمەنی نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ هاووڵاتییەكی دیكەی خەڵكی سەقزی بە ناوی "سلێمان ئازادی" كوشتووە و لەو كاتەوە لە بەندیخانە ڕاگیراو.

ناوبراو سەرەڕای ئەوەی تەمەنی نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ و بەپێی ئەو بەڵگانەی كە "هێرانا" بڵاویكردووەتەوە نەخۆشی دەروونی هەبووە و لەژێر چاوەدێریی پزیشكدا بووە و تەنانەت چەندین جاریش هەوڵی خۆكوشتنی دابوو.

شایان سەعیدپوور لەدایكبووی ١٣٧٦ی هەتاوی (1997ی زایینی)یە و لەكاتی ئەنجامی تاوانەكەدا ١٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ٢٥ ڕۆژ تەمەنی هەبووە.

ئێران ماوەی ٢٥ ساڵە كۆنوانسیۆنی مافەكانی منداڵانی واژۆ كردووە و بەپێی ئەو كۆنوانسیۆنە نابێ منداڵانی تاوانبار لە سێدارە بدات، بەڵام تەنیا لە سالی ڕابردوودا ٤ منداڵی تاوانباری دوای ئەوەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی (سەرووی ١٨ ساڵ) لە سێدارە داوە و ئەمساڵیش چەندین كەسی دیكە لەسێدارە دراون.




PM:12:34:07/11/2018