پارتی مەرجی بەشداریپێكردنی لایەنەكان لە حكومەت ئاشكرادەكات

پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت نابێت ئەو لایەنانەی بەشداری لە حكومەت دەكەن پێیەكیشیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت و هەمان سیناریۆكەی چوار ساڵی رابردوو دووبارە بكەنەوە.

عارف تەیفور سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی سەبارەت بە پرسی پیكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بە بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاند ئێمە وەك پارتی لەگەڵ حكومەتی بنكەفراواندا نین، بەڵام ناشمانەوێت بە تەنیا لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا حكومەت پێك بهێنین، بەڵكو دەمانەوێت ئەو حیزبانەی كە ئامادەن پابەندی كارنامەی حكومەت بن، ئەوانیش بێن و لەگەڵمان بەشدار بن، كە ئەوەش ناكاتە حكومەتی بنكەفراوان.

وتیشی "ئەو لایەنەی كە بەشداری حكومەت دەبێت، نابێت پێیەكی لەنێو حكومەت بێت و پێیەكی دیكەی لە ئۆپۆزیسیۆن بێت، پێیان دەڵێین ئەگەر دەیانەوێت لە حكومەتدا بەشدار بن، ئەوە دەبێت وەزیرەكانیان بە دڵسۆزییەوە كارەكانیان ڕابپەڕێنن و لە چاك و خراپدا تەحەموولی بەرپرسیارەتی بكەن، نابێت لە نیوەی ڕێگە بەجێمان بهێڵێن وەك ئەوەی چوار ساڵی ڕابردوو حكومەتی هەرێم تووشی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بوو، وەزیرەكانیان كشاندەوە و بە تەنیا پارتی و یەكێتی مانەوە، ئەو جۆرە بەشدارییەمان قبووڵ نییە".

عارف تەیفور ئەوەشیخستەڕوو كە لەم رۆژانەدا وەفدی پارتی سەردانی لایەنەكان دەكات و دەست بە دانوستان دەكرێت، ئەو حیزبانەش كە بارەگای سەرەكییان لە هەولێرە، لەوێ لەگەڵیاندا كۆ دەبنەوە، ئەوانەیش كە لە سلێمانین، وەفدەكەی پارتی دێتە سلێمانی بۆ لایان و وتیشی "پارتی لەگەڵ تەواوی ئەو حیزبانەی كە كورسییان بە دەست هێناوە، كۆ دەبێتەوە".




PM:12:51:11/11/2018