مەلا بەختیار رەخنە لەیەکێتی دەگرێت

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە ئێستا بەشداری کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی حیزبەکەی ناکات لە نوێترین گوتاریدا ڕەخنە حزبەکەی دەگرێت و باس لە چەند کێشە و گرفتێک دەکات و دەشڵێ لەنێو یەکێتی هەندێك بڕیار سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەری هەلپەرست‌ و فەیسبوكچی‌ و ئەقڵی هەرزەكارانە.
 
مەلا بەختیار لە لەسەرەتای وتارێکی نوێیدا بەناونیشانی(گوزەرانی شەهیدان و قەیرانی ئابووری یەکێتی)بڵاویکردووەتەوە ڕەخنەی لە چەند قۆناغێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە و دواتر باسی لە پشتگوێخستنی کەسوکاری شەهیدان لەلای یەکێتییەوە کردووە و چەند پرەنسیپێکی بەنموونە هێناوەتەوە کە لەنێوخۆی یەکێتییدا پێشێل کراون.
 
لە نموونەی پرەنسیپەکان ناوبراو نووسیویەتی"ئەو یەكێتییەی، هەلپەرست‌و بازرگانی سیاسەت، شەرم بوو تیایدا جێگایان ببێتەوە،ئەو یەكێتییەی، خزمخزمێنەو عەشرەت عەشرەتێنەو تەریقەتگەرایی، تیا نەبوو" دواتر دەڵێ"مەخابن، هەندێك لەو پرنسیپ‌و رەوشتی بەرزی شۆڕشگێڕییە، پێشێلی بەرژەوەندییە تایبەتیەكان كراون. سەرەنجام، یەكێتی دوچاری كێشمەكێشی زۆر كراو".

مەلا بەختیار لە گوتارەکەیدا لە باسی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی ڕەخنەی ئەوەی گرتووە کە کە تا ئێستا چارەسەریی ڕیشەیی بۆ کێشەکان نەدۆزراونەتەوە و نووسیویەتی"ململانێ‌و مقۆ مقۆی جۆراوجۆر، لەسەر پێكهاتەی یەكێتی، رابەرایەتیەكەی، ئۆرگانەكانی، مەركەزییەتەكەی، داهاتەكەی، هەڵوێست‌و هەڵسوكەوتەكانی، بەدەر لە رێڕەوە شەرعیەكەی، دەمێكە كەوتۆتە ناو سەركردەو ئۆرگانەكانی. بەداخەوە، تائێستا چارەسەری نیمچە ریشەییش بۆ ئەو كێشانە، نەدۆزراونەتەوە".
 
دەشڵێ لەنێو یەکێتییدا"خەڵكی لیبڕال، لیبڕالتر بوون. دیاردەی دزێو زیاتر بوون. پروپاگەندە تەشەنەی سەندووە. بەرژەوەندی ئەم‌ و ئەو، هەروەها دەستەبازی‌ و لەخۆڕازی، رێگە نادەن كێشەكان چارەسەر بكرێن. راست نییە وابزانرێت، بەكۆبونەوەكردن، یان بەدەركردنی بڕیاری قیروسیا، یان بەپاكتاوكردن، كێشەكان چارەسەر دەكرێن. بەرەی شەیتان‌و بەرەی رەحمان لەناو یەكێتیدا ساغنەبونەتەوە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە "لوتكەی حزبەكەش بێژنگی بەدەستەوە نییە، پاك‌و پیس بژار بكات. كایەكان، تێكەڵوپێكەڵن، وایلێهاتووە، هەندێك بڕیار، سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەری هەلپەرست‌و فەیسبوكچی‌و ئەقڵی هەرزەكارانە، یان بۆ دەستەگەری‌و لێخوڕینی عەسكەری".




PM:05:27:14/11/2018